ئەمڕۆ سەرجەم كارەكانی وردبینیی مووچە و نووسراوی خەرجكردنی مووچە تەواو بوو، بەمەیش عێراق لەگەڵ دەستپێكردنی مووچەی خۆی، دەتوانێ راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان خەرج بكات.
ئەمڕۆ سێشەم 23ـی حوزەیران، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كەمێك پێش ئێستە ڕاپۆرتی پێوەست بە مووچە رادەستی وەزارەتی دارایی كرا.
ئەوەیش زانراوە، بڕیار وایە ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە ڕاپۆرتی پابەندیی هەرێم بۆ پرسی نەوت پێوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، رادەستی وەزارەتی دارایی بكرێت كە ئەمەش یەكێكە لە ڕێككارە سەرەكییەكانی مووچەی فەرمانبەران.
بە تەواوبوونی ئەو رێكارانە، بەغدا دەتوانێ لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی كە بڕیارە رۆژی چوارشەم دەست پێ بكات، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش خەرج بكات.
بەپێی زانیارییەكان، جگە لە تەواوبوونی راپۆرتی وردبینی، لە هەمان كاتدا نووسراوەكانی تایبەت بە خەرجكردنی مووچە ئامادە كراون، واتا سەرجەم وردەكاریی مووچەی مانگی شەش تەواو بوون.
رۆژی چوارشەمی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری، لیستی مووچەی مانگی شەشی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی عێراق كرد.