عەزیز رەئووف نووسەر داوا دەكات سەرۆكی یەكێتی داوای لێبووردن بكات لەبەرانبەر ئەو سووكایەتییەی كە بە ڕۆژنامەنووسانی كرد.
عەزیز رەئووف نووسیویەتی، هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەنووس لەكاتی سەردانی بەرپرسان بۆ شوێنەگشتییەكان كردەیەكی نەخوازراوە و پێشێلكردنی مافی ڕۆژنامەنووسە.
" بەر لە هەرشت سیاسییەكان دەزانن ڕۆژنامەنووسان كاری گەورەیان پێناكرێ و تەنیا دەتوانن مایك ببەنە بەردەم بەرپرسەكان و فرمێسكی پرسە و شیوەنی گۆڕستان و خاوەن پرسە لەبەردەم مزگەوتەكان بگوازنەوە، ئەمەش وایكردووە كاری ڕۆژنامەنووسی لە باشوور تەواو لە پیشە دابڕاوە و كاری گەورەی لەدەست نایات" ئەو نووسەرە وا دەڵێ.
هەروەها دەڵێ، سەرباری هەموو ئەمانەش هەرگیز بەمانای ئەوە نایات كە سووكایەتی بە ڕۆژنامەنووس بكرێت، "هەی حوشتر" ئەو قسە نەخوازراو و ناشرینەبوو كە لە زاری سەرۆكی یەكێتی هاتەدەر، ئەمەش بەر لە هەرشت ئیحراجی بۆ ناوبراو و حزبەكەی درووست دەكات و هەرگیز شیاو نییە كە سەرۆكی یەكێتی لەبەردەم كۆی ڕۆژنامەنووسان و میوانەكاندیدا بەو شێوەیە هێرش بكاتە سەر ڕۆژنامەنووس.
عەزیز رەئووف ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئەگەر ئەوە هەر برپرسێكی پارتی یان لایەنەكانی تر ئەو قسەیەی بكردایە ئەوە كۆی رۆژنامەنووسان و نووسەران و ڕۆشنبیران و بەناو ئۆپۆزسیۆن قسەیان لەسەر دەكرد و هەڵایەكی گەورەیان لەسەر دەنایەوە، ئەركی سەندیكا و لایەنە پێوەندیدارەكانی بواری ڕۆژنامەنوسییە كە بێدەنگ نەبن و داوا لە سەرۆكی یەكێتی بكەن كە پۆزش بۆ قسەكەی بهێنێتەوە، بەر لە هەر كەس سەرۆكی یەكێتی دەبێ داوای لێبووردن بكات.