شێخی ئەزهەر: مێژووی كورد پڕە لە خزمەت بە مرۆڤایەتی و سەردانی كوردستان دەكەم

:: PM:06:37:23/06/2026 ‌
ئەمڕۆ لە قاهیرەی پایتەختی كۆماری میسر، د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی، لەگەڵ شێخ ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر و بەرپرسانی باڵای مەشێخەی ئەزهەر كۆبووەوە. 

وەك لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، شێخی ئەزهەر بە ڕێزەوە سەیری مێژووی گەلی كوردی كرد و ڕۆڵی زانایانی ئاینی و خەڵكی كوردستانی لە خزمەتكردن بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و مرۆڤایەتی و چەسپاندنی چەمكی پێكەوەژیان بەرز نرخاند. دووپاتیشی لەو پێوەندییە مێژوویی و دێرینە كردەوە كە هەردوو گەلی كوردستان و میسر پێكەوە دەبەستێتەوە.

لەلایەن خۆیانەوە، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی تیشكی خستە سەر دۆخی نموونەیی پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان و ئەو ئارامییەی كە هەموان تێیدا بەشدارن.

لەم دیدارەدا، یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەلایەن وەزیری ئەوقافەوە پێشكەش بە شێخی ئەزهەر كرا. شێخی ئەزهەر وێڕای دەربڕینی پشتگیریی تەواوی خۆی، یاداشتەكەی بە هەنگاوێكی گرنگ و پڕبایەخ وەسف كرد.

د. پشتیوان سادق بەناوی سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی داوەتی ئاراستەی شێخی ئەزهەر كرد بۆ سەردانیكردنی هەرێمی كوردستان. شێخی ئەزهەر بە خۆشحاڵییەكی زۆرەوە بانگهێشتەكەی قبووڵ كرد و ڕای گەیاند: " لە دەرفەتێكی گونجاودا، بە شانازییەوە سەردانی كوردستان دەكەم."

هەروەها شێخی ئەزهەر سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مەسروور بارزانی كرد بۆ بنیاتنانی باڵەخانەیەكی هاوچەرخ بۆ "پەیمانگای ئەزهەر" لە هەولێر، كە لە ماوەی ڕابردوودا بەردی بناغەكەی لەلایەن سەرۆكی حكوومەتەوە دانرا بوو.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، شێخی ئەزهەر و بەرپرسانی مەشێخەی ئەزهەر، بە گرنگییەكی تایبەتەوە باسیان لە دروستكردنی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" لە شاری هەولێر كرد .



وشە - وشه‌