هەرچەندە ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی سەردانی كۆمەڵی دادگەریی كوردستانی كرد لە سلێمانی، بۆ ئەوەی هەوڵ بدات رازییان بكات لە پێكهێنانی حكوومەتدا و بەو سێ كورسییەی لە پەرلەمان هەیانە پشتیوانی بكەن، بەڵام كۆمەڵ ئەوەی رەت كردەوە.
كەمێك لەمەوبەر سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ "وشە" گوتی، چوونی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بۆ ئەوە بووە كە بەو كورسییانەی لە پەرلەمان هەیانە، پشتیوانیی بەرەكەی یەكێتی بكەن كە لەگەڵ نەوەی نوێ پێكیان هێناوە.
ڕوونیشی كردەوە كە كۆمەڵی دادگەری پشتیوانی نەكردووە و پێیان راگەیاندووە، نایانەوێ لێكترازان لە كوردستان قووڵتر بكەنەوە، پشتیوانیی پارتی و یەكێتی ناكەن، چونكە وەك كۆمەڵ گوتوویانە ئەو دوو حزبە خۆیان دەزانن كێشەكانیان لەسەر چییە.
كۆمەڵی دادگەری سێ كورسیی پەرلەمانی هەیە، یەكێك لە پەرلەمانتارەكانیان بەناوی هێرۆ عەتار جیا بووەتەوە و بەو دۆخەی كە حزبەكە هەیەتی، تا ئێستەیش ئامادە نییە بچێتە پەرلەمانی كوردستان و پێی وایە ئەوە كورسیی راستەقینەی ئەو نییە.
یەكێتی هەموو هەوڵێك دەدات ژمارەی كورسییەكانی لە 23 كورسییەوە بەرز بكاتەوە، بەڵام تا ئێستە جگە لە بەشێكی نەوەی نوێ، كەس گەرەنتی ئەوەی پێ نەداوە كە پشتیوانی دەبن.