كاری ئەو لیژنەی لێكۆڵینەوەیە بە كۆتاهات كە لێكۆڵینەوەیان لە كەیسەكەی عەبدولەتیف سەلەفی دەكرد، لەبارەی ئەو دەنگ و تۆمارانەی كە بڵاو كرابوونەوە و دەستدرێژی كردبووە سەر قوتابییەكانی لە زانكۆ.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لیژنە سێ كەسییەكەی زانكۆی سلێمانی كۆتاییان بە كارەكانیان هێنا لەبارەی كەیسەكەی عەبدولەتیف سەلەفی، ئەوەیش دوای ئەوەی كە ئەمڕۆ گوێیان لە شایەتحاڵ و قوربانییەكان گرتووە، جیا لەوەیش چەند پەڕاوێكی تریشیان وەك بەڵگە لە ڕێی نامە و واتس ئاپەوە پێشكەش كراوە.
لیژنەكە راپۆرتی خۆی لەبارەی لێكۆڵینەوەكان نووسیوە و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی كراوە، بۆ ئەوەی لەوێ خوێندنەوەی بۆ بكرێت و بەشی یاسایی وەزارەتەكە هەڵسەنگاندنی بۆ بكات، دوای ئەوە دەدرێتە وەزیری خوێندنی باڵا بۆ بڕیاردان لەبارەیەوە.
پێدەچێ بڕیارەكە چەند ڕۆژێكی پێ بچێت بەهۆی پشووی سبەینێ، بەڵام هەر لەلایەن زانكۆی سلێمانی خۆیانەوە، بڕیارەكە بڵاو دەكرێتەوە بە واژووی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەگەر لە راپۆرتەكەدا عەبدولەتیف سەلەفی تۆمەتەكانی لەسەر ساغ بووبێتەوە.
راپۆرتەكە نهێنییە و هیچی لەبارەیەوە نەگوتراوە، بۆیە دیار نییە چارەنووسی بڕیارەكان لەبارەیەوە چی دەبێت، تەنانەت بینینی شایەتەكانیش هەر بە نهێنێ بووە لەلایەن لیژنەكەوە.
عەبدولەتیف سەلەفی پێشتر سوێندی گەورەی خوارد كە ئەوەی بڵاوكراوەتەوە لەبارەیەوە تۆمەت و بوختانە و رەتی كردەوە، بۆیە ئێستە خەڵك لەسەر ئەوە دابەش بوون و چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەن.