"ئەگەر تۆمارەكانی د. عەبدولەتیف ڕاستن با ئەوقاف جلوبەرگ و ناوی مەلایەتی لێ وەربگرێتەوە"

:: AM:09:15:25/06/2026 ‌
مەلا فكری سیتكانی لەبارەی تۆمارە دەنگییەكانی د. عەبدولەتیف سەلەفی رای دەگەیەنێت، داوا لە ئەوقاف و لایەنە پێوەندییدارەكان دەكەم، رێكاری رژدی بەرانبەر بگیرێتەبەر و سووكایەتی بە زانایان نەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی حوزەیران، مەلا فكری سیتكانی لە لێدوانێكیدا بۆ ''وشە''، داوای لە وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی زانایانی ئاینی كوردستان كرد بە رژدی بێنە سەر خەت، ئەگەر تۆمەتەكان ڕاستن، ڕێكاری یاسایی بگرنەبەر و جلوبەرگ و ناوی مەلایەتی لەو كەسانە وەربگرنەوە و بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن، ئەگەریش وا نییە، ڕێگە نەدەن بەشێوەیەكی گشتی سووكایەتی بە پێگەی زانایان بكرێت.

سیتكانی ئاماژەی بەوەیش كرد، زانایانی ئاینی هاوشێوەی پێشمەرگە خزمەتی ئاین و نیشتمان دەكەن و ئەگەر كەسێكیش هەڵە بكات، نابێت بدرێتە پاڵ هەمووان، هەروەها داوای لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا تەناهییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، ئەو كەسانە بگرن كە لە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاوە سووكایەتی بە مەلایان دەكەن، چونكە پاراستنی ئەم پێگەیە ئەركی هەموو لایەكە.

ماوەی چەند رۆژێكە چەند تۆمارێكی عەبدولەتیف سەلەفی سۆشیال میدیای تەنیوە و دیار نییە راستن یان نا، لەمبارەیەوە لیژنەیەكی تایبەتی بۆ پێكهێنراوە و لێكۆڵینەوەی لەبارەیەوە دەكەن.



وشە - پێشەنگ مەحموود