ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕای دەگەیەنێت كە كاراكردنەوەی پەرلەمان، بناغە و دەستپێكی دەرچوونە لە دۆخی چەقبەستوویی، هەر لایەك لە بەردەم بەرپرسیارێتی سیاسی و یاسایی و نیشتیمانییە بەرانبەر قەوارەی هەرێم و متمانەی دەنگدەران و خەڵكی كوردستان.
هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە میانی پێشوازیكردنی لە لیو جون كونسوڵی گشتیی كۆماری میلی چین و جێگرەكەی ڕای گەیاند، دووپاتمان لە هەڵوێستی نەگۆڕ و بەردەوامی پارتی كردەوە بەوەی مەرجی سەرەكی و زەوینەسازی بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسیی ئێستەی كوردستان، كاراكردنەوەی پەرلەمان و بەرپرسیاربوونی هەموو لایەكە بەرانبەر ئەو ئەركە یاسایی و سیاسی و نیشتمانییەی كە وەك بەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ۲٠ ی ۱٠ ی ۲٠۲٤، لە ئەستۆی سەرجەم هێزە بەشدارەكانە.
گوتیشی: دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی كە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە ڕای گەیاند، هەنگاوێكی گرنگ و چارەنووسسازە و پارتی خوازیارە سەرجەم لایەنە بەڕێزەكان، هاوكار بن لە هێنانە دیی ئەركی سیاسی و نیشتمانی بەوەی پەرلەمان كارا بكرێتەوە و ڕێڕەوی گفتوگۆ و دانوستاندنەكان ببرێنە ناو دامەزراوەی پەرلەمان”.
لەبارەی دوایین ڕەوشی سیاسیی كوردستانەوە، هەڵوێست و سەرنج و سیاسەتی پارتی هەورامی ئەوەشی خستەڕوو، "پارتی وەك هێزی براوەی یەكەم لە دوایین هەڵبژاردندا بە ٤٠٠ هەزار دەنگ، پێش هەردوو هێزی دووەم و سێیەمی كوردستانە و مافی دیموكراسی و سیاسیی خۆیەتی ئەم ئەنجامانە وەك بنەمایەك لە گفتوگۆكانیدا بەكار بێنێت، بەڵام لە ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی كە دوای نزیكەی شەش مانگ گفتوگۆ لە ئایاری ۲٠۲٥ واژوو كراوە، بنەمای هاوبەشی و سازان كراوەتە بناغەی ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان پارتی و یەكێتی”.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕاشی گەیاند، لە دیدارەكەدا لەبارەی دوایین پەرەسەندنی پێوەندییەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی، ڕێككەوتنی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی لەسەر بابەتی گومرگ و ئەسیكۆدا و وەبەرهێنان و چەندان بابەتی تر وردەكاری پێویست خرایە ڕوو.