مونا قەهوەچی: لە پێناو بەرژەوەندیی حزبی هەوڵی لاوازكردنی دامەزراوەكانی هەرێم دەدەن

:: PM:12:03:25/06/2026 ‌
مونا قەهوەچی رای گەیاند، قەوارەی هەرێمی كوردستان بە خوێنی شەهیدان هاتووەتە بەرهەم و بەرگریكردن لێی ئەركێكی نیشتمانییە، بەداخەوە ئەو حزبانە بۆ شاردنەوەی شكستەكانیان هێرش دەكەنە سەر دامەزراوەكانی كوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی حوزەیران، مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان، لە راگەیەنراوێكدا تیشكی خستە سەر پاراستنی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان و گوتی: "هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی كاغەزی یان بەخشینێكی سیاسی دانەمەزراوە، بەڵكو بە خوێنی شەهیدان، خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدان هاتووەتە كایەوە".

جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان ئاماژەی بەوە كرد، جێی داخە كاتێك سەرۆكی حزبێكی كوردی دژی قەوارە و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بوەستێت، لە كاتێكدا ئەم قەوارەیە بە قوربانیدانی هەزاران شەهید و پێشمەرگە دروست بووە.

قەهوەچی روونی كردەوە، بوونی رەخنەی بەرپرسانە پێویستە، بەڵام كاتێك هێرش بۆ سەر قەوارەی هەرێم دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵە و شكستی سیاسی پەردەپۆش بكرێت، ئەوە خزمەت بە پرۆسەی چاكسازی ناكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی و متمانەی خەڵك دەگەیەنێت.

لە كۆتاییدا هۆشداریی دا بەوانەی لە پێناوی دەستكەوتی كاتی و بەرژەوەندیی حزبیدا، هەوڵی لاوازكردنی دامەزراوەكانی هەرێم دەدەن، پێویستە بزانن مێژوو هەمیشە هەڵوێستی نیشتمانی و نانیشتمانی لێك جیا دەكاتەوە و بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان، بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانییە و بابەتی پەردەپۆشكردنی هەڵە نییە.



وشە - سۆران عەزیز