ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق /پارتی/ دووپات لەوە دەكاتەوە، خواستێكی روون هەیە بۆ مامەڵەكردن بە شێوازی ناوەندی و بەكارهێنانی دەستێكی ئاسنین بۆ پەراوێزخستنی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان كە ئەمەش "كودەتایەكی راستەقینە"یە.
لە پەیامێكدا، د.ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رای گەیاند، هەرێمی كوردستان لەسەر سینییەكی زێڕین و بەبێ قوربانی پێشكەش نەكراوە، بەڵكو ئەم قەوارەیە بەرهەمی خەبات، خوێنی گەشی شەهیدان، ئازاری زیندانیانی سیاسی و فرمێسكی ئاوارەكانی دەستی رژێمی بەعسە كە ئەم مێژووە پڕ لە قوربانییە بووەتە هێزی بزوێنەر بۆ پێشمەرگە و گەلی كوردستان تا بە مافە رەواكانیان بگەن.
باسی لەوە كرد كە ئێستە خواستێكی روون هەیە بۆ مامەڵەكردن بە شێوازی ناوەندی و بەكارهێنانی دەستێكی ئاسنین بۆ پەراوێزخستنی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان كە ئەمەش "كودەتایەكی راستەقینە"یە بەسەر دەستوور و سیستمی سیاسی نوێ.
"هەرێمی كوردستان و سیستەمی سیاسی دوای 2003 هەردووكیان شەرعییەتیان لە دەستوور وەرگرتووە، ئەگەر هەر ئاراستەیەك یان نییەتێك هەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوە یان لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، ئەوا راستەوخۆ بەو مانایە دێت كە بڕیارێك هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستمی سیاسی عێراقی دوای 2003، چونكە هەردووكیان لە یەك سەرچاوەی یاسایی و دەستووریی هاوبەشەوە سەرچاوەیان گرتووە" جاف وای گوت.