گەشەپێدانی توركمان بۆ شاسوار: قسەكانت بێ بنەمان هەموو بەهایەكی ئەخلاقیی و سیاسییت لە دەست داوە

:: PM:07:49:25/06/2026 ‌
سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان وەڵامی شاسوار دەداتەوە و دەڵێ‌، قەوارەی هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ حزب و نەتەوەیەك نییە، ماڵی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی حوزەیران، محەمەد سەعدەدین سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان ڕای گەیاند، ئەو لێدوانانەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی نەوەی نوێ لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا لە سلێمانی خستوویەتییە ڕوو، تەنیا ڕێڕەوێكی سیاسیی نادروستن و ناچنە خانەی خزمەتكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمانەوە، ئەو كێشە سیاسییەكانی نێوان لایەنەكان و بابەتی پێكهێنانی حكوومەتی تێكەڵ بە پرسی دەستووریی قەوارەی هەرێمی كوردستان كردووە، لە كاتێكدا قەوارەی هەرێمی كوردستان زۆر لەو ململانێ و جیاوازییە سیاسییانە گەورەترە.

" هەرێمی كوردستان تەنیا ڕێكەوتنێكی سیاسی یان سیستەمێكی كاتی نییە، بەڵكو نیشتمانێكی فرەڕەنگە بۆ هەموو پێكهاتەكان، كورد، توركمان، كلدان، سریان، ئاشوور و ئەرمەن پێش دروستبوونی ئەو سیستمە سیاسییەی ئێستە بوونی هەبووە، تەنانەت پێش ئەوەی ئەو لایەنە سیاسییانەی ئێستە لە عێراق پشتیان پێ دەبەستن بێنە بەغدا، هەرێمی كوردستان بوونی هەبووە و لە ڕاپەڕینەوە خاوەن پێگە و مێژوویەكی ڕیشەیییە و لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە هەڵوێست و قەوارەی خۆی هەبووە" سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان وادەڵێ‌.

دووپات دەكاتەوە كە ئەو لایەنانەی كە ئەزموونی سیاسییان زۆرە، نەیانتوانیوە مامەڵە بە بوونی هەرێمی كوردستانەوە بكەن، چونكە باش دەزانن ئەم هەرێمە خاوەن هێزێكی نێودەوڵەتیی بەهێزە و دروستبوونی بە دانپیانانی نێودەوڵەتی و دەستووری عێراقە، ئەو لایەنانەی ئێستە بە قسەی بێ بنەما كار بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان دەكەن، یان هیچ تێگەیشتنێكیان نییە، یان هەموو بەهایەكی ئەخلاقیی سیاسییان لە دەست داوە.

ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات كە هەر سیاسییەك ڕەچاوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و سیادەی نیشتمانی نەكات، سیاسەتەكانی لە چوارچێوەی خیانەتدا دەبینرێت، ئەم قەوارەیە تەنیا قەوارەیەك نییە بۆ حزبێك یان پێكهاتەیەك، بەڵكو ماڵی هەمووانە و نابێت ڕێگە بدرێت هیچ لایەنێكی سیاسی بە ململانێی تەسك ئەو قەوارەیە لاواز بكات.



وشە - وشه‌