کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتوو جێگیر دەبێت

:: AM:10:28:26/06/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 26ی حوزەیرانی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیدا هاتووە، پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 سەعاتی داهاتوو جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرما گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت و نزیک دەبن لە ڕۆژانی پێشوو.

سەبارەت بە کەشی ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت کە لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا و ئاراستەکەی باکووری ڕۆژئاوا دەبێت. مەودای بینین لە نێوان حەوت بۆ نۆ کیلۆمەتر دەبێت. پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبن، هەولێر 39، سلێمانی 36، دهۆک 39، هەڵەبجە 40، چەمچەماڵ 39، زاخۆ 40، پیرمام 34، ئاکرێ 40 و حاجی ئۆمەران 28 پلەی سیلیزی.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بۆ سبەی شەموو 27ی حوزەیرانی 2026، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی هەندێک پەڵەهەور، خێرایی با بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە سەعاتێکدا و ئاراستەکەی باکووری ڕۆژئاوا دەبێت. مەودای بینینیش لە نێوان حەوت بۆ نۆ کیلۆمەتر دەبێت. پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بریتین لە، هەولێر 39، سلێمانی 37، دهۆک 40، هەڵەبجە 40، چەمچەماڵ 40، زاخۆ 41، پیرمام 35، ئاکرێ 40 و حاجی ئۆمەران 28 پلەی سیلیزی.


وشە - پۆڵا مەحموود