كێشەكانی یەكێتی زیاتر فراوان بووە، وەك كاردانەوەكیش دژی سیاسەتەكانی سەرۆكی یەكێتی، دوو بنەماڵەی بەناوبانگی یەكێتی خاوەن پێگەی سیاسی و سەربازیی جەماوەری وازیان لەو حزبە هێناوە، ئێستە مەترسییەكە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی دوو پەرلەمانتاریش واز بێنن.
لە هەفتەی رابردوودا هەریەك فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و لیوا ئەیووب سەعید ناسراو بە لیوا ئەیووبە گڕە، وازهێنانی خۆیان لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان راگەیاند.
هەرچی دەست لەكاركێشانەوەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی تەنیا پێوەندی بەخۆیانەوە نییە، بەڵكو ئەو دوو كەسایەتییەی ناو یەكێتی هەریەك برایەك و كوڕێكیان پەرلەمانتارە و كاتی هەڵبژاردنەكان ئەوان كاندیدیان كردن، ئەوانیش بریتین لە محەمەد فەیسەڵ كەریم خان و جووتیار سەعید برای لیوا ئەیووب.
ئێستە چارەنووسی جیابوونەوەی دوو كورسیی پەرلەمانی لەناو فراكسیۆنی یەكێتی خۆی لە ئارادایە، لە رووداوەكانی چەند ڕۆژی داهاتوو ئەمە ئەگەری بەهێزی روودانیەتی، تا ئێستەیش یەكێتی لەسەر ئەو كێشەیەی تووشی بووە كە پێشتر دەیگوت كورسییەكانی نەوەی نوێش بۆ خۆی حیساب دەكات، هێشتا رێككەوتنی نەكردووە جیابوونەوە لەناو خۆیدا بەردەرگای لێ گرتووە.
محەمەد فەیسەڵ كەریم خان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لە بازنەی هەولێر، توانی دەنگی دووەمی لیستەكە بە دەست بهێنێت، هەروەها جووتیار سەعیدیش كاندیدی یەكێتی بوو لە بازنەی هەولێر و ئەویش یەكێك بوو لە كاندیدە دیارەكانی یەكێتی لەو سنوورە.