خەرجی كرداریی حكوومەتی كوردستان لە حەوت ساڵی ڕابردوودا 87 ترلیۆن دینار بووە

:: PM:02:55:27/06/2026 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، لە ساڵی 2019 تا 2025 خەرجییە گشتییەكانی حكوومەتی هەرێم كە تێكڕای خەرجییە كردارییەكان، دەگاتە زیاتر لە 87  ترلیۆن و 500 ملیار دینار.

وەزارەتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لەو ژمارەیەدا زیاتر لە 65 ترلیۆنی خەرجی مووچە بووە، زیاتر لە 14 ترلیۆنیش خەرجی بەكارخستنە كە بریتییە لە خزمەتگوزارییەكانی ڕۆژانەی فەرمانگە و وەزارەتەكان.

هەروەها زیاتر لە چوار ترلیۆن خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبا بووە و نزیكەی چوار ترلیۆنیش خەرجی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بووە.

ئەمە جگە لەو مووچانەی كە لەو ماوەیەدا خەرج نەكراون، لەگەڵ ڕێژەی لێبڕینەكانی خانەنشینی مووچە و پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و جیاوازییەكانی، هەروەها لەگەڵ شایستەی كۆمپانیاكان و بەڵێندەران كە خەرج نەكراون، لەگەڵ خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبا كە بەشێكیان بەشێوەی چەك و مەقاسە خەرج كراون بەهۆی كەمیی نەختینەی بەردەست لە بانكەكاندا.



وشە - وشه‌