عەتا شمێرانەیی: دەبێت شاسوار وەك هەرزەیەكی سیاسی قسە نەكات

:: PM:05:09:27/06/2026 ‌
چاودێرێكی سیاسی رای دەگەیەنێت كە شاسوار دەستی بۆ هێڵەسوورەكان بردووە كاتێك باسی نەمانی قەوارەی كوردستان دەكات، چونكە ئەوە پێوەند نییە بە حزبێكەوە بەڵكو یاری كردنە بە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلێك. 
 
عەتا شەمێرانەیی نووسەر و چاودێری سیاسی، بە "وشە"ـی گوت، شاسوار عەبدولواحید وەك كەسی یەكەمی نەوەی نوێ، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سیاسی بكات لە كۆمەڵگای دیموكراتی ڕێگە پێدراوە، بەڵام كاتێك كە قسەكانی نەڕواتە خزمەتی دوژمنەكانی گەلی كورد، كاتێك لە بەردەم میدیا قسە دەكات دەبێت لە دەربڕیندا زۆر ورد بێت، بەرپرسیارانە قسە بكات.

روونیشی كردەوە كە دەبێت شاسوار وەك هەرزەیەكی سیاسی قسە نەكات و خەریكی فرۆشتنەوەی موزایەدەی سیاسی بێت، بیەوێت یاری بە هەستی خەڵكی بكات، دەبێت ئاگەداربێت قسە كردن لەسەر پرسە نیشتمانییەكان، قسەیەك نەكات بڕواتە ئاشی دوژمنەوە، ئاماژەكردن بە نەمانی قەوارەی كوردستان ئاماژەیەكی ترسناكە و هێڵی سوورە، نابێت لەلای هیچ سیاسییەكی كوردەوە بەكار بێت.

شەمێرانەیی دەڵێ‌، هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستوورییە، كاتێك باس لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری كوردستان دەكەی واتە دەبێت دەستووری عێراقیش هەڵبوەشێتەوە، ئەم قسانە لێدانە لە هەیبەتی نیشتمان، یاریكردنە بە هەستی نیشتمانی.
 

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی


وشە - وشه‌