دوو لەو گەندەڵكارانەی كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بە بڕیاری عێراق گیران، كەمێك لەمەوبەر بۆ رادەستكردنی بە هێزەكانی عێراق نێردران بۆ بازگەی شێراوە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دوو لەو بەرپرسانە كە بریتیین لە زیاد جەنابی و محەمەد كەربوولی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی كوردستان گیراون، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی رادەستكردن رەوانەی بازگەی شێراوە كران.
پەیامنێری "وشە" گوتی، هێزەكەی عێراق كە دژەتیرۆرن، لە بازگەی شێراوە چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو دوو كەسە دەكەن كە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتەكەدا لە هەرێمی كوردستان گیراون.
ڕوونیشی كردەوە كە هێزەكە بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەت هاتوونەتە كەركووك، دوای ئەوەی ئەو دوو بەرپرسە گەندەڵكارەیان رادەست دەكرێت رەوانەی دەستەی دەسپاكی كەركووك دەكرێن و دواتر دەبرێن بۆ بەغدا.
بەیانیی ئەمڕۆ لە عێراق بوومەلەرزەیەك دژی گەندەڵكاران روویدا و زیاتر لە 47 بەرپرسی باڵا بە ئۆپەراسیۆنی تایبەت گیران كە هەموو ئەوانە لەسەر ددانپێدانی تاوانبارێكی گەندەڵی بوو كە لە چەند ڕۆژی رابردوو گیراوە.