ئەم هەفتەیە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت، بەڵام پێش ئەوە؛ بەغدا نووسراوی وەرگرتنی داهاتی ناوخۆ دەكات.
"وشە" دوایین بەدواداچوونی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان كرد و دەركەوت، كە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان هیچ كێشەی تێدا نییە، سبەی دەست بە رێكارەكان دەكرێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی فەرمانبەرانی تری عێراق خەرج بكرێت.
بەپێی زانیارییەكان، بەغدا نووسراوی وەرگرتنی داهاتی ناوخۆ بۆ كوردستان دەكات و لەگەڵ ئەوەیشدا بڕیار لە خەرجكردنی مووچە دەدات، بۆیە داهات هەرچەند و هەرچۆنێك بێت، مووچە دواناكەوێت و ئەم هەفتەیە دێت.
لەلایەكی ترەوە فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەو بڕیارەی كە باس لە ناردنی 120 ملیار دینار دەكات لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەغدا دادپەروەرانە نییە، چونكە بەگوێرەی یاسا دەبێت نیوەی داهاتی نانەوتی بنێردرێت.
دووپاتی كردەوە، هیچ كێشەیەك لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نییە و ئەم هەفتەیە خەرج دەكرێت.