دادگای هەولێر لەبارەی كردنەوەی كۆلیژی ئەهلی ددان بڕیاری دا

:: AM:09:06:29/06/2026 ‌
دادگای كارگێڕی سكاڵای سەندیكای پزیشكانی ددانی كوردستان رەت كردەوە تایبەت بە كردنەوەی ژمارەیەكی زۆری كۆلێژی پزیشكی ددانی لە زانكۆ (تایبەتەكان) ئەهلییەكان، لە بەرژەوەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵادا بڕیاری دا.

بەپێی بڕیارێك كە "وشە" وێنەیەكی دەست كەوتووە، ناوەڕۆكی كەیسێك هەبوو كە داواكار (نەقیبی پزیشكانی ددان) لە دادگای سكاڵای كردووە و دەڵێت: وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەپێی یاسای زانكۆ تایبەتەكان، بەردەوامە لە كردنەوەی بەش و كۆلیژی پزیشكی ددان لە زانكۆ تایبەتەكان، لە كاتێكدا ژمارەی پزیشكانی ددان زۆر زیاترە لە پێویست و مەرجەكانی پێویستیش بۆ كردنەوەی ئەو بەشانە بوونی نییە، ئەمەش وایكردووە كوالێتی خوێندن دابەزێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، بۆیە داوامان كردووە دادگا وەزیری خوێندنی باڵا ناچار بكات بڕیارێك دەربكات، بۆ ڕاگرتنی وەرگرتنی خوێندكار لە هەموو كۆلیژە پزیشكییەكانی زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان.

بڕیاری دادگا:
دوای ئەوەی دادگا گوێی لە هەردوولا گرت و سەیری بەڵگەنامەكانی كرد، دادگا داوای ڕەتكردنەوەی سكاڵاكەی كردووە، چونكە هیچ "بڕیارێكی كارگێڕی"ی دیاریكراو نەبووە كە سكاڵای لەسەر بكرێت (واتە سكاڵاكە تەنیا داوایەكی گشتییە بۆ گۆڕینی سیاسەتی وەزارەت، نەك تانەدان لە بڕیارێكی فەرمی).

دواتر سەندیكای پزیشكانی ددان بە بڕیارەكە رازی نەبوون و تانەیان لە بڕیارەكە دا و دووبارە بڕیارەكە وەك خۆی مایەوە، بەمەش دەركەوت كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كردنەوەی كۆلێژ و بەشەكانی بەپێی یاسا و رێنوێنییەكان كردووەتەوە.


وشە - رامیار جەواد