بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕیار لەسەر خەرجكردنی دەرماڵەی پایە درا و چەند مەرجێكیش هەن تێیدا روون كراونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 29ـی حوزەیران، بەپێی نووسراوێكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، تێدا هاتووە، گۆڕانكاری لە پۆستە بنەڕەتییەكاندا (دەرماڵەی پایەیان بۆ خەرج دەكرێت)، ئەگەر پۆستەكە لە بنەڕەتدا بوونی هەبووبێت لە پەیكەری ڕێكخستنی فەرمانگەكەدا و جێگیر كرابێت، پێشتر لەلایەن وەزارەتەكەمانەوە پەسند كرابێت، تەنیا گۆڕانكاری لە كەسەكاندا كرابێت (واتە فەرمانبەرێك لە شوێنی فەرمانبەرێكی تر لەو پۆستەدا دەستبەكار بێت)، ئەوا دەرماڵەی پایەی بۆ دەبەسترێت و خەرج دەكرێت.
لە بڕیارەكەدا هاتووە، پێكهاتە و پۆستە نوێیەكان (دەرماڵەی پایەیان بۆ خەرج ناكرێت) هەر بەڕێوەبەرایەتییەك، بەش، یاخود هۆبەیەك كە پێكهاتەیەكی نوێ بێت و ڕەزامەندیی هێنانە كایەی (استحداپ) لە دوای دەرچوونی گشتاندنی ژمارە (٣)ی ساڵی (٢٠٢٥) درابێت، ئەوا دەرماڵەی پایەی بۆ نابەسترێت و خەرج ناكرێت، چونكە بە دەرماڵەی نوێ هەژمار دەكرێت.
دەرماڵەی پایە بەم شێوەی خوارەوەیە:-
دەماڵەی پایە لە زانكۆكان بەم جۆرە خەرج دەكرێت
1.دەرماڵەی لێپرسراوی هۆبە لە سەرۆكایەتیی زانكۆ و كۆلێژەكان بۆ مامۆستا و فەرمانبەر، بە ڕێژەی (15%)ی مووچەی بنەڕەتی یان 100 هەزار دینار مانگانە.
2. دەرماڵەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكان لە سەرۆكایەتیی زانكۆ بۆ فەرمانبەران، بە ڕێژەی (25%)ی مووچەی بنەڕەتی یان 100 هەزار دینار مانگانە.
3. دەرماڵەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكان لە سەرۆكایەتیی زانكۆ بۆ مامۆستایان، بە ڕێژەی (25%)ی مووچەی بنەڕەتی یان 250 هەزار مانگانە.