پێش 101 ساڵ شێخ سەعید و هاوڕێكانی بەهۆی ئەوەی ڕاپەڕینێكیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی ئەنجام دا، بەڵام ئەم راپەڕینە سەركەوتوو نەبوو، لە 29ـی حوزەیران شێخ سەعیدی پیران و 46 لە هاوڕێیانی لە سێدارە دران، تا ئێستەش گۆڕی ئەوان دیار نییە و بەڵگەنامەكانی دادگاییكردنیان ون كراون.
ئەو راپەڕینەی بە ناوی شێخ سەعید ناسراوە، رێكخراوێكی ستراتیجیی لە خۆ دەگرت بە ناوی "رێكخراوی كۆمیتەی سەربەخۆیی كوردستان" یان رێكخراوی ئازادی، كە لە ساڵی 1922 لە شاری ئەرزەرۆم بە سەركردایەتیی خالید بەگی جبری دامەزرابوو.
24 ئەفسەری پلەباڵای سەربازی لە ناویاندا ئیحسان نووری پاشا و ئیسماعیل حەقی شاوەیس، هەروەها د. فوئاد و كەمال فەوزی و یوسف زیا و سەتان سەركردە ئاینی و كۆمەڵایەتی، دیارترین ستراتیجی ئەوان دامەزراندنی رێكخراوی ئازادی بوو، جگە لە بەرنامە سیاسییەكەی.
بەهۆی ئەوەی پەیمانی لۆزان كوردستانی دابەش كرد، ئامادەكاری بۆ سەرهەڵدان دەستی پێ كرد، لە شێخ مەحموود بەرزنجییەوە تا سمكۆ شكاك پێوەندییان پێوە كرا. بەهۆی تێنەگەیشتنێكی رێكخراوەیی، لە چواری ئەیلوولی 1924 لە بەیت شەباب راپەڕینێكی بچووك ڕووی دا و دوای ئەم رووداوە، سەركردەكانی رێكخراوی ئازادی، خالید بەگ جبری و یوسف زیا گیران، ئەمەش هەموو پلان و ستراتیجەكانی ڕاپەڕینەكەی لەناو برد.
شێخ سەعید یەكێكە لە شێخە بەرزەكانی نەقشبەندی. لە پاش مردنی باپیرەی شێخ عەلی، باوكی ناوچەی پاڵووی بەجێهێشتووە و ڕووی كردووەتە شاری خنیس. شێخ سەعید خوێندنی ئاینی لەو شارە تەواو كردووە، پایە و ڕیزی كۆمەڵایەتی شێخ و زیرەكی و لێهاتوویی و دەوڵەمەندی هۆی سەرەكی بووە، بۆ ئەوەی كۆمەڵەی سەرخۆبوون پێوەندییەكی ڕاستەوخۆ و پتەو بە شێخ سەعیدەوە بكات.
لە كوتایی هاوینی 1923 یوسف زیبا كە سەرۆكێكی بزوتنەوەی كورد و نائیبی كۆنی شاری بەتلیس بووە لە پەرلەمانی توركیادا، چووەتە خنیس بۆ لای شێخ سەعید و ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی بڕیاری هەڵگیرسانی شۆڕشێكی نوێ بدەن.
لە زستانی 1923 تا 1924 سەرۆك هۆزەكان و ئەندامە چالاكەكانی كۆمەڵەی سەرخۆبوون، كۆبوونەوەی فراوانیان لە ناوچەی پاڵوو بەست، تێیدا باس لە فراوانكردن و خۆسازدان بوو بۆ چالاكی لە پێناو بزووتنەوەی نهێنی و خۆ ئامادەكردن بۆ ڕاپەڕینی نوێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
شێخ سەعیدی پیران، ساڵی 1865 لە ناوچەی پاڵووی خارپێت لە دایك بووە، لە 13ی شوباتی ساڵی 1925 لە پارێزگای ئامەد دژی حكوومەتی ئەوكاتی توركیا راپەڕی، بە ماوەیەكی كەم شاری چەولیگ و خارپێتی خستە ژێر دەسەڵاتیەوە.
بنەماڵەی شێخ سەعید و سەندیكای پارێزەرانی ئامەد، هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئاشكراكردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێكانی، بەڵام هەوڵەكانیان بێ ئەنجام بوون.