لەگەڵ دەسپێكی ئۆپراسیۆنەكەی ناوچەی سەوزی بەغدا و بڵاوبوونەوەی هەواڵی گرتنی بەرپرسان، هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و شاسوار عەبدولواحید چوونە بەغدا، بەو كارە گومانیان دروست كرد.
رۆژی یەكشەم 28ی حوزەیرانی 2026، هێزە تەناهییەكانی عێراق بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی، ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەك دەست پێكرد. لە ئەنجامدا ژمارەیەك بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی گیران كە لە دیارترینیان موسەننا سامەڕایی و عەلی مەعاریج بەهادلی بوون.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، یەكپارچە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق بوون بەهەواڵی گرتن و باسكردنی گەندەڵی و بەرپرسانی گەندەڵ، بۆیە ترس و گومان و نیگەرانی لای بەرپرسان دروست كرد، گومانیان هەبوو هەر ساتێك ئۆپراسیۆنەكە بیانگرێت.
لە گەرماوگەرمیی رووداوەكەدا ئەوەی سەیر بوو هەریەك لە قوباد تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید چوونە بەغدا، پێش ئەوەش پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەكە راگەیاندبوو، بەپێی زانیارییەكان، ترسیان لە گرتنی خەڵكێكی نزیكیان هەبوو.
لە بەغدا ئەو دوو بەپرسە كوردە چەند كەسێكیان بینی كە تۆمەتی گەندەڵییان لەسەرە، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەوڵی بینینی زۆر بەرپرسیان داوە، بەڵام بەبیانووی ئەوەی كاتێكی گونجاو نییە، هیچ بەپرسێكی حكوومەت و چوارچوێوەی هاوئاهەنگی نەیبینیون.
بەپێی زانیارییەكان، هەوڵی بینینی سەرۆك وەزیرانیشیان داوە، بەڵام داواكەیان لەلایەن نووسینگەكەیەوە رەت كراوتەوە و پێیان راگەیەنراوە، ئێستە سەرۆك وەزیران هیچ بەرپرسێكی حزبی نابینێت.
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە هەموو كۆبوونەوەكاندا دەڵێ، راوی گەندەڵكاران دەكەم و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی بڵاوكراوەكانی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، زیاتر لە دوو هەفتەیە زەیدی هیچ بەرپرسێكی حزبی نەبینیوە.