سەردەمی مەسروور بارزانی.. هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكخران

:: PM:07:24:30/06/2026 ‌
یەكێكی تر لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چارەسەری كێشەی دوو هێزی پێشمەرگە بەناوی یەكەی 70 و یەكەی 80 بوو كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو. 

لە سەردەمی مەسروور بارزانی ئەو كێشەیش چارەسەر كرا كە داواكاری و خواستی وڵاتان و خەڵكی كوردستان بوو، ئیتر هێزی پێشمەرگە بەناوی 80 و 70 نەما و كران بە دەڤەری یەك و دەڤەری دوو كە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی رێكخستن و یەكخستنی گرتە ئەستۆ. 

ئەمڕۆ شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، "مەشقێكی هاوبەش كە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بۆ هەردوو دەڤەری یەك و دوو رێكخراوە، لە بارەگای دەڤەری یەك دەست پێ دەكات و چەند رۆژێك دەخایەنێت، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ پێشخستنی تواناكانی پێشمەرگە".

"توانیومانە زیاتر لە 95%ـی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ببڕین، ئێستە پێشمەرگە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و سوپاسالارەوە فەرماندەیی دەكرێت، گرفت ماوە، بەڵام یەكخستنەوەكە دەستكەوتێكی گەورەیە". وەزیری پێشمەرگە وای گوت. 

لای خۆیەوە مەسعوود مدیر شارەزای سەربازی بۆ "وشە" گوتی، یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان خەونێكی لەمێژینە بوو كە ئێستە لە سەردەمی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەیبینین. 

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو هەنگاوە دەبێتە جێی متمانەی وڵاتان و چاكسازییەكی گەورەیە لە پرۆسەی سەربازی كوردستان، ئێستە دەكرێت بڵێین هێزی پێشمەرگە بەهێزتر و یەكدەست تر.


وشە - وشه‌