یەكێتی قەرزەكانی شاسوار ناداتەوە و هاووڵاتییان دەكاتە قوربانی

:: PM:01:12:02/07/2026 ‌
یەكێك لەو بابەتانەی ئەمڕۆ لە شەقامی سلێمانی بووەتە بەرباس، ئەوەیە كێ‌ قەرزەكانی شاسوار و خاوەن پشكەكانی خەڵك دەداتەوە، بەپێی گوتەی خاوەن پشكەكان، جارێكی تر دەبنەوە قوربانی .

ساڵی رابردوو ئەوەی پێی دەگوترێ موڵكەكانی شاسوار و دەستی بەسەردا گیرا، بانگەوازی فرۆشتنی بۆ كرا، تا قەرزەكانی حكوومەتی پێ بدرێتەوە كە بە زیاتر لە 92 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، لە بنەڕەتدا هەر هەموو موڵكەكان و ئەوەشی لەسەری دروست كراوە لە باغ و ڤێلا و كابینەی گەشتیاری و ... هتد، موڵكی گشتین، چونكە كاتی خۆی ئەو زەوییانەی لەم حكوومەتە وەرگرتووە بەبێ بەرانبەر یان بە نرخێكی زۆر كەم كە شایانی باسكردن نییە، ئەمەیش بێگومان بە پاڵپشتی حزب و كەسانی دەستڕۆیشتوو بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی تەمووز، سێبەر سەعید خاوەن پشك لە چاڤیلاند، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەم رێككەوتنە ئیتر شاسوار ئەو پارانە سەرجەمی دەخوات كە بەناوی خاوەن پشك لەسەری ماڵ بوو.

زیاتر گوتی، پێشتر دەستی نەبوو ئاوای دەكرد، ئێستە لەگەڵ یەكێتی بێت، بێگومان ئێمە قوربانی یەكەمی ئەو رێككەوتنە دەبین.

چاڤیلاندی شاسوار دوو بەشە، یەكەمیان بە پارەی خەڵكە كە هەمووی خەڵەتاندووە بەناوی پشك و قازانجەوە، بڕێكی زۆر پارەی كۆ كردووەتەوە كە ڕەنگە زۆر زیاتر بێت لەوەی لە دامەزراندنی پڕۆژەی چاڤیدا خەرجی كردووە.

 دووەمیان ئەو قەرزە زەبەلاحەیە كە نزیكە لە نیوەی ئەو پارەیەی حكوومەت داوای دەكاتەوە.

 لە هەموو ئەمانەشدا چەند هەزار كەسێك زیانمەند بوون بەوەی كە ساڵانێكی زۆرە لە چاوەڕوانی قازانجی پشكەكانیانن، خەڵكانێكیان تێدایە ئەگەر ئەو پارەیەی داویانە بە پشك، بیاندایە بە زێڕ بۆ نموونە، ئێستە دوو تا سێ‌ قات قازانجیان كردبوو، بەڵام لە بەرانبەر ئەو قازانجە زۆرەی پڕۆژەكە، كارتی یاریكردنیان پێ دراوە بۆ جۆلانێكردن.

لە كۆتاییدا شاسوار چۆن ھات، ئاوا لێی دەرنەچوو، بەڵكو بە فەرمی بووە خاوەنی چەندان موڵكی گشتی لەسەر حیسابی خەڵك و بەرژەوەندیی گشتی.


وشە - رامیار جەواد