سەعد لامی سەرۆكی دادگای تەمیزی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی كردەوە، دادگاكە رەزامەندیی لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاج ئەحمەد تكریتی پەسند كرد، كە وەك سزایەك بۆ تاوانەكانی دژ بە قوربانیانی ئەنفال بەسەری سەپێنراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی حوزەیران، دادوەر سەعد لامی سەرۆكی دادگای تەمیزی عێراق، لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق ئاشكرای دەكات، دادگای تەمیز بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەجاج پەسند كردووە.
لامی دەڵێ، "ئەو تاوانبارە بەرپرسە لە تاوانی پاكتاوكردنی نەژادی كە دژ بە هاووڵاتییانی كورد ئەنجامی داوە". روونیشی دەكاتەوە كە دۆسیەكە رەوانەی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق دەكرێت بۆ ئەوەی مەرسوومی دەربچێت و بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت.
لە 14ی مانگی رابردوودا عەجاج ئەحمەد حەردان تكریتی، لەلایەن دادگای تاوانەكانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
عەجاج بە دڕەندەترین تاوانبار ناسراوە لە مێژووی كورددا، چونكە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو بەرپرسی گرتووخانەی نوگرە سەلمان بووە، لەوێ بە دەیان شێوەی دڕندە و قێزەون، ئەو كوردانەی ئەشكەنجە داوە كە لە گرتووخانەكەدا گیرابوون.