سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، فەرمانێكی فەرمی بۆ بەرزكردنەوەی پلەی 682 ئەفسەری سەربە وەزارەتی ناوخۆ و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەركرد.
بەپێی فەرمانەكە كە بە ژمارە (1905) بە واژووی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەرچووە، تێدا هاتووە، پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (142) لە 28ی حوزەیرانی 2026 و لەسەر فەرمانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیار درا بە بەرزكردنەوەی پلەی ئەو ئەفسەرانەی كە ناویان لە لیستی هاوپێچدا هاتووە.
پرۆسەی پلەبەرزكردنەوەكە لە زنجیرە (1) بە ناوی (عەقید/ عومەر فارووق عەبدولعەزیز محەمەد) دەست پێ دەكات، بە زنجیرە (682) بە ناوی (مولازم/ كەیوان عومەر عارف عەلی) كۆتایی دێت، بۆ ئەو پلە نوێیە شایستەیەی لە بەرانبەر ناوەكانیاندا دیاری كراوە.
بڕیارەكە پاڵپشت بە مادەی (10) لە یاسای ڕاژە و خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی فیدراڵی ژمارە (18)ی ساڵی 2011ی بەركار لە هەرێمی كوردستان دراوە، كە لەسەر میلاكی وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتییەكانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیە و گوزارشت لە خشتەی (9ی كانوونی دووەمی 2025) دەكات.
هەر لە ناوەڕۆكی فەرمانەكەدا هاتووە، بڕیار دراوە بە جێگیركردنی سووڕانەوەی خزمەت (تدویر) بۆ ژمارەیەك لەو ئەفسەرانەی كە ناویان لە زنجیرە تایبەتەكاندا هاتووە بۆ پلەی داهاتوویان.
لە كۆتایی فەرمانەكەدا دووپات كراوەتەوە كە ئەم بڕیارە لە ڕێكەوتی دەرچوونیەوە (2ی تەمووزی 2026) جێبەجێ دەكرێت، وێنەیەكی فەرمیشی بۆ سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكان، لەوانە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی و ئابووری نێردراوە، بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی ڕێكارە دارایی و كارگێڕییە پێویستەكان.