راگەیەنراوێك لە وەزارەتی ناوخۆوە

:: PM:03:15:02/07/2026 ‌
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی لەبارەی بەرزكردنەوەی پلەی 682 ئەفسەر بڵاو كردەوە كە بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پلەكانیان بەرز بووەوە. 

لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 142 لە ڕێكەوتی 28ی حوزەیرانی 2026 و لەسەر فەرمانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانی فەرمی بۆ پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی خشتەی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2025 دەرچوو. 

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئەم فەرمانە تایبەتە بە پلە بەرزكردنەوەی 682 ئەفسەر لەسەر میلاكی وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، كە بە زنجیرەی یەكەم بەناوی "عەقید عومەر فارووق" دەست پێ دەكات و بە زنجیرەی 682 بەناوی "ملازم عومەر عارف" كۆتایی دێت.

پلە بەرزكردنەوەی ئەم ئەفسەرانە بۆ پلەی نوێی شایستەی خۆیان، پاڵپشت بە مادەی 10 لە یاسای ڕاژە و خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی ئیتحادی ژمارە 18ی ساڵی 2011ی بەركار لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراوە، و گوزارشت لە ڕێكەوتی شایستەبوونیان دەكات.

لە كۆتایشدا وەزیری ناوخۆ، پیرۆزبایی لە تەواوی ئەم ئەفسەرانە دەكات كە ئەمڕۆ پلەكانیان بەرز كراوەتەوە. 



وشە - وشه‌