ماڵباتەكەی: هەر كەس لەگەڵ بكوژانی هاوكار جاف هاوپەیمان بێت وەك ئەوان حیسابە

:: PM:04:08:02/07/2026 ‌
ماڵباتی شەهید هاوكار جاف پەیامێكی توندیان بڵاو كردەوە و دووپات لەوە دەكەنەوە، بەردەوامن و سوورن لەسەر گرتنەبەری تەواوی ڕێكارە یاسایی و كۆمەڵایەتییەكان بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە.

عەقید هاوكار جاف ئەفسەرێكی پلەباڵای دژەتیرۆر بوو، لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2022 لە شاری هەولێر، بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی لكێنراو بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە تیرۆر كرا. دوای ماوەیەكی كەم لە كردەكە، ئاسایشی هەولێر ژمارەیەك گومانلێكراو و تۆمەتباری گرت و ددانیان بەوەدا نا كە بە هەوڵی دژەتیرۆری یەكێتی ئەو كارەیان كردووە. 

لە پەیامەكەدا هاتووە كە بكوژان، پیلانگێڕان، پەنادەران و تەنانەت ئەوانەی بە وشەیەكیش بەشدارییان لەو تاوانەدا كردووە، لای ئەوان هیچ لێخۆشبوونێكیان بۆ نییە و بە پەرۆشەوە چاودێریی ڕێڕەوە یاساییەكان دەكەن و داوا دەكەن هەر كەسێك تێوەگلابێت، ڕووبەڕووی سزای دادپەروەرانە بكرێتەوە. 

لای خۆیەوە محەمەد جاف برای شەهید هاوكار جاف، بە "وشە"ی راگەیاند، خوێنی هاوكار جاف وەك هێمایەك بۆ ئەوان دەمێنێتەوە، هیچ گوشارێك وا ناكات دەستبەرداری مافە یاسایی و كۆمەڵایەتییەكانی خۆیان بن.

دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە دیارە كێ‌ هاوكار جافی شەهید كردووە، بۆیە هەر كەس و لایەنێك هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو حزبە ببەستێ‌، هاوبەشی تاوانەكانی ئەوانیشی كردووە.

پێشتر دادگای هەولێر، بڕیاری لەسێدارەدانی بەشێوەی غیابی بۆ شەش تۆمەتبار دەركرد كە تێوەگلابوون لەو كەیسەدا.



وشە - وشه‌