کاردانەوەکان دواى واژووکردنى ڕێککەوتنى نێوان بافڵ تاڵەبانى و شاسوار عەبدولواحید بەردەوامن و ڕۆژنامەنووسێک هاوسەنگیی هێز بە نەخۆشی ناو دەنێ و دەڵێ، "ئێمە تا ساڵی 2100 ئەوە حاڵمانە و نازانین هاوسەنگیی هێز بەو شتانە ناگەڕێتەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەم دووى تەمووزى 2026، ڕۆژنامەنووس هانا چۆمانى لە وتارێکدا کە لە فەیسبووکى خۆى بڵاوى کردووەتەوە دەڵێ، باشە 42 بە 38 زۆرترە یان 39 بە 38؟ باشە 57 بە 49 زۆرترە یان 39 بە 38؟، ئێمە لە ساڵی 2005ەوە تووشی نەخۆشیی گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بووین، هەتا ساڵی 2100یش لێی دەرباز نابین، چونکە لەجیاتی ئەنتیبیۆتیک، پاراسیتامۆڵ وەردەگرین!
هانا چۆمانى ئاماژەى بە چەند هەوڵێکى شکستخواردوو داوە کە لە ماوەکانى ڕابردوو بەهۆى "نەخۆشیی هاوسەنگى هێز" گیراوەتە بەر و دەڵێ:
- گۆڕان جیابووەوە تا هاوسەنگیی هێز بگەڕێتەوە.
- هاوپەیمانیی کوردستانی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- تێکەڵبوونی زەحمەتکێشان و یەکێتی بۆ هاوسەنگیی هێز.
- ڕێککەوتن لەگەڵ گۆڕان بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- ڕێککەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ هاوسەنگیی هێز.
- ڕێککەوتن لەگەڵ حەلبووسی، ڕەیان و قەیس بۆ هاوسەنگیی هێز.
- هێنانەوەی د. بەرهەم بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- لامەرکەزیی پارێزگاکان بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- پڕۆژەی هەرێمی سلێمانی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- ئەنجامدانی کۆنگرەکانی یەکێتی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- کوودەتای سەر لاهوور شێخ جەنگی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- بەکارهێنانی دادگای فیدراڵی بۆ هاوسەنگیی هێز.
- گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بۆ هاوسەنگیی هێز.
- کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ هاوسەنگیی هێز.
- جینۆسایدی لالەزار بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- دەستگیرکردنی داروبەرد بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- هەڕەشەی دووئیدارەیی بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- تەسلیمبوون بە تورکیا بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز.
- تێکەڵبوونی نەوەی نوێ لەگەڵ یەکێتی بۆ هاوسەنگیی هێز... هتد.
ئەم ڕۆژنامەنووسە دەپرسێ، "ئێ باشە کاتی خۆی 57 کورسیمان هەبوو، پارتی 45، هێشتا هاوسەنگی نەگەڕایەوە. یەکێتی و گۆڕان 42 کورسیمان هەبوون و پارتی 38، هاوسەنگیی هێز نەگەڕایەوە. بەتەمابین بە 39 بە 38 هاوسەنگیی هێز بگێڕینەوە؟"
لە کۆتاییدا هانا چۆمانى دووپات لەوە دەکاتەوە کە "ئێمە تا ساڵی 2100 ئەوە حاڵمانە و نازانین هاوسەنگیی هێز بەو شتانە ناگەڕێتەوە، ئێمە لە دهۆک کۆتاییمان هاتووە، لە هەولێر لە گیانەڵاداین، لە سلێمانیش کەمینەین؛ باشە چۆن هاوسەنگیی هێز دەگێڕنەوە؟".
ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ شاسوار مەرگی خۆی راگەیاند و رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی واژوو كرد، كە تەواوی كورسییەكانی لە پەرلەمان رادەست كردن و بەوەیش نەوەی نوێ كۆتایی هات، بەهۆى ئەوەیە چەندان بەرپرسی جولانەوەکە دەستیان لە کار کێشایەوە.