چاودێرانی سیاسی دەڵێن، نەوەی نوێ لە ناو یەكێتی بە ڕێككەوتنی ناو زیندان توایەوە، یەكێتیش لە هەموو ئەو ڕێككەوتنانەی لە شاری جوان لەگەڵ حزبەكان بەناوی هاوسەنگیی هێز واژووی كردووە شكستی هێناوە، بەم ڕێككەوتنەش لەگەڵ نەوەی نوێ كە وەك بافڵ جەلال دەڵێت شاسوار لای من هیچە، زیانی گەورە دەكات.
لەوبارەوە شنە نەجمەدین مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی، ڕای گەیاندووە، هەموو ئەو ڕێككەوتنانەی لە مێژووی دوور و نزیك لە سلێمانی یەكێتی لەگەڵ حزبەكان کردوونی شكستیان هێناوە و كۆتایی و مەرگی حزبەكانیشی لێ کەوتووەتەوە. شاسوار لەو كاتەوەی حزبی دامەزراند بە شاتەشات و جنێودان دەستی پێ كرد، بە ڕەفتاری زۆر ناشیرین هێرشی دەکردە سەر حزبەكانی دەسەڵات بەتایبەت یەكێتی، و دەیگوت كوڕەكانی جەلال تاڵەبانی لە بەردەركی سەرا هەڵدەواسم.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ڕێككەوتنی بافڵ جەلال و شاسوار عەبدولواحید لە زیندان كراوە، ئازادی كردووە و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی پارێزراوە، لە بەرانبەردا خۆی و حزبەكەی و كورسییەكانی پەرلەمانیان ڕادەست كرد. ئێستە دەتوانین بڵێین نەوەی نوێ لە ناو یەكێتی توایەوە، بە دڵنیاییشەوە دەڵێین نەوەی نوێ كۆتایی هات و یەكێتیش لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی بەتەواوەتی دادەبەزێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی، خەڵكی كوردستان ڕۆشنبیرە و باش لە ڕێككەوتنی زیندان تێگەیشتوون و ئیتر لە دەوری كەس و حزبێك كۆ نابنەوە كە هەر هاشوهوش بووە. چۆن لە ڕابردوودا بە ڕێككەوتنی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی كۆتایی هات و جەماوەر پشتی تێ کردن، هەمان چارەنووس چاوەڕێی نەوەی نوێ دەكات.
ڕوونیشی کردەوە، یەكێتی بەتەواوەتی بەم سیاسەت و ڕێككەوتنانە زیان دەكات نەك قازانج، دەبوو لە هەموو ئەو ڕێككەوتن و هاوپەیمانییانەی لەگەڵ حزبەكانی سلێمانی دەیانكات بۆ دژایەتیی پارتی كە زیانی گەورەی لێ كردووە، دەرسی لێ وەربگرتایە و دووبارەی نەکاتەوە.
هەروەها دەڵێت، بەرپرس و سەرۆكی حزب دەبێت كەسایەتییەکی بەهێز و سەنگینی هەبێت، بزانێت چۆن و لە كوێ قسە دەكات، قسە و ڕەفتاری سەرۆكەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ لە ئاستێكی نزمدا و بە ڕەفتاری ناشیرین و جنێودان دەبینرێن! کاتێک دیمەنی ڕەفتار و قسەكانی سەرۆك و سەركردەكانی پارتی دەبینیت، بە سەنگینی و لە ئاستێكی بەرزدا قسە دەكەن.
لە كۆتاییشدا دووپاتی کردەوە، ڕێككەوتنی نەوەی نوێ و یەكێتی هیچ نییە و هەر زوو لەبار دەچێت، دووپاتیشی دەکەینەوە کە نەوەی نوێ كۆتایی هاتووە و یەكێتیش زیانی گەورەی كرد، پارتیش مامەڵەیان لەگەڵ ناكات، چونکە نەوەی نوێ حزبێك نییە ڕەسیدی هەبێت.
هەڵبجە/ عەزیز هەورامی