چاودێرانی سیاسی و مامۆستایانی زانکۆ باس لەوە دەکەن کە شاسوار عەبدولواحید، لە پێناو گیانی خۆی و سەرمایەکەی، دەنگ و متمانەی خەڵکەکەی فرۆشتووە. ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ لە کاتێکی ئاساییدا نەهاتووەتە بوون و هیچ کاریگەرییەکی نابێت.
تەرزە محەمەد مامۆستای زانکۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی کوردستان و بەتایبەتی سلێمانی نییە، ڕێککەوتنی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوورییە و لە کاتێکی ئاساییدا لەدایک نەبووە. ڕێککەوتنی زیندان کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزاریی سلێمانی و هەڵەبجە نابێت، و بەرژەوەندیی کەسی پێش بەرژەوەندیی گشتیی کوردستانییان خراوە.
لەگەڵ واژووکردنی ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ، بەرپرس و خۆبەخشانی نەوەی نوێ بە گرووپ و دەستە وازهێنانی خۆیان ڕادەگەیەنن و دەڵێن: "ئێمە بمانویستایە ڕاستەوخۆ دەنگمان بە یەکێتی دەدا نەک شاسوار دەنگمان بە بافڵ جەلال بفرۆشێت". ئەوان دڵگرانن لەو خیانەتەی شاسوار عەبدولواحید لێی کردوون کە بۆ ئازادی و پاراستنی سەرمایەکەی فرۆشتوونی.
گوتیشی، نەوەی نوێ وەک حزبێکی ئۆپۆزسیۆن دانەمەزرا، ئێمەی خەڵکی سلێمانی دەزانین شاسوار کێیە و لە چ بنەماڵەیەکە و سەرمایەکەی چۆن پێکهێناوە، لە ساڵی 2017 بۆ ئێستەی 2026 یەک قسەی لەگەڵ کردارەکانی یەکی نەگرتووە. دەنگی شاسوار لە سلێمانی و هەڵەبجە دەنگی ئەو ناڕەزایەتییە بووە کە نەتوانراوە وەک پێویست ئاوڕ لە خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵک بدرێتەوە، ئەوەش دەنگێکی ناڕازیی ناچار کردووە دەنگ بە شاسوار بدەن، بە هیوای ئەوەی خۆشگوزەرانییان بۆ بهێنێت، بەڵام پرۆژەی گەورە و سەرمایەی بێشووماری زیاتری لە قووتى خەڵکی دەست کەوت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، شاسوار عەبدولواحید بناغەیەکی تۆکمەی خاوەن ڕابردووی سەروەریی نییە، بۆیە ناچارە لە کونجی زیندان بۆ گیانی خۆی و پاراستنی سەرمایەکەی قایل ببێت بە ڕێککەوتنی زۆرەملێ. ساڵی 2025 لە موزایەدە بۆ 60 موڵکی، بەهاکەی 92 ملیار دینار بوو! ئەگەر هاووڵاتییانی ئێمە لەسەر بنەمایەکی ڕۆشنبیری بڕیار بدەن، ئەوا تێدەگەن کە شاسوار ئەو کەسە نەبوو بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن بۆ خزمەتی خەڵک دابمەزرێنێت.
زیاتر دەڵێت، ماندێلا لە پێناو گەلەکەی لە زیندان بوو، بەڵام شاسوار لە پێناو ئەو سەرمایە ئابوورییەی بردوویەتی و بە ناڕاست بەدەستی هێناوە، تێوەگلاوە لە گەندەڵیی گەورە و لە کابینەی نوێی حكوومەت ترسی هەیە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی