شاسوار عەبدولواحید و نیلسۆن ماندێلا بەراوردکارییەکی نادروست

:: PM:06:23:03/07/2026 ‌
کاروان محەمەد سابیر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید دەکات و بەراوردکردنی ناوی ناوبراو بە تێکۆشەری جیهانی نیلسۆن ماندێلا بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە.

کاروان محەمەد سابیر ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی 2007دا کتێبی بیرەوەرییەکانی نیلسۆن ماندێلا بە ناونیشانی "گەشتە دوورەکەم لەپێناو ئازادیدا" خوێندۆتەوە، کە لەلایەن شێرزاد هەینی-یەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

 ئەو داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئەم کتێبە بخوێننەوە بۆ ئەوەی بزانن ماندێلا بۆچی 27 ساڵ زیندانی کرا، لە کاتێکدا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان هۆکاری زیندانیکردنی ماندێلا و زیندانیکردنی شاسوار عەبدولواحیددا.

نووسەر لە بەردەوامی ڕەخنەکانیدا دەڵێت، پێویست ناکات لە نزیکەوە شاسوار عەبدولواحید بناسیت، بەڵکو تەنها لە ڕێگەی قسە، گوتار، ڕەفتار و جووڵەکانیەوە دەتوانیت بزانیت چەند بێسەنگە. کاروان محەمەد سابیر، شاسوار عەبدولواحید نە بە سیاسییەکی سەنگین، نە بە بازرگانێکی ڕەسەن و نە بە هاوڕێیەکی ڕاستگۆ بۆ هاوکارەکانی دادەنێت، بەو پێیەی بەردەوام سەودایان پێوە دەکات.

لە کۆتاییدا دووپاتی دەکاتەوە کە دڵنیایە شاسوار عەبدولواحید ژیانی ماندێلای نەخوێندۆتەوە و تەنها سەرپێی ئاشنای ناوەکەیەتی، چونکە ئەگەر بیخوێندایەتەوە، قەت خۆی نەدەهێنایە ئاستی ناوی ئەو "ڕەشپێستە دەروون سپییە".



وشە - وشه‌