ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ڕەخنەی توند لە هاوپەیمانێتیی نوێی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەگرێت و ڕای دەگەیەنێت کە ئەمە "زەواجی میسیاری سیاسی" و نمایشێکی ئابڕووبەرانەی بازرگانییە بە چارەنووسی گەلەوە، کە تەنیا بۆ دابەشکردنی پۆست و پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەت پێکهاتووە.
ئەمڕۆ هەینی سێی تەمووز، حەسیبە گەردی پەرلەمانتاری خوولی پێشوو، لە فەیسبووکەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ڕێککەوتنە سیاسییەی لە میدیاکاندا نمایش کرا، تەنیا شانۆگەرییەکی چەواشەکارانەیە؛ چونکە بڕیارە ڕاستەقینەکان پێشوەختە لە ژوورە تاریکەکاندا و بەسەر شانی سەرۆکی چاڤیلاندا سەپێنراون، بە جۆرێک کە ناچار کراوە لەسەر وەرەقەی سپی واژوو بکات و ببێتە پاشکۆ و جێبەجێکاری بێ ئەملاولای فەرمانەکانی یەکێتی.
حەسیبە گەردی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە نەوەی نوێ کە ساڵانێک وەک دەنگی گۆڕانکاری و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە خۆی نیشان دەدا و داوای سزای توندی بۆ سەرکردەکانی یەکێتی دەکرد، ئێستە لە پێناو وەرگرتنی پۆستی وەزاری بۆ خوشکی سەرۆکی جووڵانەوەکە و مسۆگەرکردنی گرێبەستی دارایی، دەنگی دەنگدەرانی لە بازاڕی دەسەڵاتدا فرۆشتووە، و ئەم شڵەژان و ناڕەزایەتییە تەنانەت لە ناو سەرکردایەتی هەردوولاشدا ڕەنگی داوەتەوە.
گەردی لە کۆتاییدا دووپاتی کردووەتەوە کە یەکێتیی دوای تاڵەبانی نیشانی داوە کە بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا ئامادەیە هەموو باجێک بدات، تەنانەت ئەگەر لەسەر حسابی فرۆشتنی خاک، بەتاڵانبردنی سامانی گشتی و پەیڕەکردنی سیاسەتی ڕەشبگیری و تیرۆر بێت، بۆیە ئەم هاوپەیمانێتییە هیچ پێوەندییەکی بە دیموکراسییەوە نییە، بەڵکو "بازاڕکردنی سیستمی دیموکراسی" و پڕۆژەیەکی نیشتمانسووتێنە کە تێیدا ئایندەی کوردستان و متمانەی گەل کراونەتە قوربانیی حەزی پارە و کورسی.