هەردی سەڵاح بۆ یەكێتی: نابێت پشت بە هێزی لاوەكی ببەسترێت دەبێت لەگەڵ پارتی رێكبكەوین

:: AM:11:21:04/07/2026 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی یەكێتی، پەیامێكی بۆ حزبەكەی نارد و تێیدا دەڵێت، پێویست ناكات كات بەلایەنی لاوەكی بەفیڕۆ بدرێت، دەبێت لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكرێت.

ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، هەردی سەڵاح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە پەڕەی فەرمیی فەیسبووكی پەیامێكی بڵاو كردەوە، پەیامەكەی زیاتر بۆ یەكێتییە و داوا دەكات پشت بەلایەنێكی وەك نەوەی نوێ كە لاوەكییە نەبەسترێت و لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكرێت.

هەردی سەڵاح رای گەیاند، لە هەرێمی كوردستان تەنیا دوو هێزی سەرەكی و یەكلاكەرەوە بوونیان هەیە كە ئەوانیش پارتی و یەكێتین.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم دوو هێزە هەم توانای ئەوەیان هەیە هەرێم بپارێزن و بەرەو پێشكەوتنی بەرن، هەمیش دەتوانن رووبەڕووی لەناوچوون بكەنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی لەوە كردەوە، پێویستە چیتر كات بەفیڕۆ نەدرێت و لایەنەكان پشت بە هێزە "لاوەكی و كاتییەكان" نەبەستن، بەڵكو دەبێت یەكێتی و پارتی رێكبكەون بۆ ئەوەی بە هاوبەشی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان بكەن.

هەردی سەڵاح لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە كرد، پێویستە هەردوو حزب بەیەكەوە بڕیاردەری هەموو پرسەكان بن، بە هەمانشێوەش پێكەوە بەرپرسیاریەتی لایەنە باش و خراپەكانی حوكمڕانی و بڕیارەكان لە ئەستۆ بگرن.



وشە - سۆران عەزیز