بڕیارە رۆژی سێشەم لە سنووری سلێمانی دەست بە دابەشكردنی زەوی بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكاریی دەستی پێ كردووە.
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، رۆژی سێشەم سەرۆكایەتیی شارەوانیی بەردەقارەمان، دەست بە قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی زەوی دەكات.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم قۆناغە 81 پارچە زەوی لەخۆ دەگرێ و بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەش دەكرێت.
زیاتر دەڵێت، دابەشكردنەكە بە تیروپشك و بەپێی خاڵبەندیی دەبێ، بە ئامادەبوونی لێپرسراوانی حكوومی ناوچەكە و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
27ی ئایاری ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.