خاوەن موەلیدەكانی خانەقین ناڕەزایی دەردەبڕن و دەڵێن، نرخی كەمیان بۆ ئەمپێرەكانی كارەبای موەلیدە دیاری كراوە، لە پاڵ ئەوەیشدا لە قایمقامییەت دەركراون و بانگی مەڵبەندی یەكێتی كراون.
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، خاوەنی یەك لە موەلیدە ئەهلییەكانی، بۆ "وشە" گوتی، نرخی ئەمپێرەكانی كارەبای موەلیدە كەم دیاری كراوە كە ئەوە نیگەرانی لای خاوەنی موەلیدەكان دروست كردووە، بۆ ناڕەزاییش چوون بۆ قایمقامییەت، بەڵام دەركراون.
ئەو خاوەن موەلیدەیە گوتی، بۆ چارەسەری كێشەكە بانگی مەڵبەندی یەكێتی كراون، بەڵێنیان پێ دراوە كە نرخەكەی چاك بكرێتەوە، بەڵام هێشتا كۆبوونەوەكە تەواوی نەبووبوو نرخی كەمتر دابەزێنرا بەبێ ئەوەی هیچ مۆرێكی فەرمی و بەڵگەیەكی فەرمی بێت.
دووپاتی كردەوە كە ناڕەزایەتییەكە لە رۆژی پێنجشەمەوە دەستی پێ كردووە، ئەمڕۆیش لە مەڵبەندی یەكێتی جارێكی تر كۆ بوونەتەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە. ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە بەرپرسی مەڵبەندی بە خاوەن موەلیدەكانی گوتووە، حزبەكەیان چەند كورسییەكی لەو سنوورە لە دەست داوە، بۆیە نرخی موەلیدە كەم كراوەتەوە تا دڵی خەڵكی ناوچەكە رازی بكەن.
بەگوێرەی ئەو خاوەن موەلیدەیە، ئەوە تۆڵەی یەكێتییە لە خەڵكی سنوورەكە لە بەرانبەر لە دەستدانی دەنگەكانیان و كەمبوونەوەی كورسییەكانیان.