دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، پۆلیسی هەولێر گرتنی خورشید لەتیف و براكەی راگەیاند، دەرگای تۆماركردنی سكاڵا بۆ هاووڵاتییان كراوەتەوە بەتایبەت ئەوانەی كە لە ماوەی رابردوو، تاوانیان بەرانبەر كراوە یان دەستدرێژی كراوەتە سەر زەوییەكانیان.
بەگوێرەی بە دواداچوونەكانی "وشە"، خورشید لەتیف لەسەر تۆمەتێك گیراوە، بەڵام لە پاڵ ئەوەیشدا داواكاریی هاووڵاتییان لە دەزگا تەناهییەكان هەبووە، چونكە چەندان كردەی بەرانبەر كردبوون و دەستدرێژی كردووەتە سەر موڵكی گشتی و موڵكی خەڵكیش.
"وشە" زانیویەتی كە دوای گرتنی، ژمارەیەكی زۆر سكاڵای لە دژ بەرز كراوەتەوە و لە پۆلیس تۆمار كراون.
پێشتر پۆلیس رای گەیاندبوو، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو تاوانبار خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیف بوونە هۆكاری ئاژاوەنانەوە و كێشە، دەستدرێژیكردنە سەر موڵك و ماڵی هاووڵاتییان و موڵكی گشتی، شەهید كردنی پێشمەرگەیەك و هاووڵاتییەك، سووتاندنی كەلوپەلی سەربازیی هێزەكانی پێشمەرگە، هاندانی خەڵك دژی یاسا و سەقامگیریی گشتی، ڕێگریكردن لە پڕۆژەكانی حكوومی، هەڕەشەكردن بە تێكدانی ژێرخانی ئابووری لە شوێنی جیاجیای شارۆکەى خەبات، هەروەها دوای هەبوونی سكاڵا لە دژیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی دادگا هەردووكیان گیران و لە ماوەی داهاتوو لەسەر تاوانەكانیان دادگایی دەكرێن.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لێرەدا هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە كە سەر و ماڵیان پارێزراوە و یاسا سەروەرە، ڕێگە بە هیچ تاوانبارێك نادرێ ئاسایش و ئارامیی وڵات تێك بدات و ئاژاوەگێڕی بكات.