موراد قەرەیڵان لەبارەی پێكدادانی ئەمدواییەی نێوان هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و سوپای پاسداران ڕای گەیاند، هەندێك جار شتێك دەكرێت كە ڕاستە، بەڵام كاتەكەی گونجاو نییە.
موراد قەرەیڵان فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل لە چاوپَكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ستێرك تی ڤی، لەبارەی ئاگربەستەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران و دۆخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕای گەیاند، پێش هەموو شتێك وەستانی شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئێران شتێكی باشە. ئێمە هیوادارین ئەم ڕێككەوتنە تەنیا بۆ ماوەیەك نەبێت، بەڵكو هەمیشەیی بێت. چونكە ئەم شەڕە شەڕی گەلان نەبوو، هیچ بەرژەوەندییەكی گەلانی تێدا نەبوو، كێشە بە توندوتیژی، شەڕ و مردن چارەسەر نابێت. دەبێت هەموو كەس ئەمە بزانێت.
گوتیشی: دوای وەستانی شەڕەكە، ئەگەر هەندێك هێزی ئێرانی ڕوو بكەنە كورد و پەلاماری گەلی كورد بدەن، ئەوا ئەمە دەبێتە هەڵەیەكی گەورە، گەلی كورد لە شەڕی ئەمەریكا و ئێراندا لایەنگریی نەكرد و دووپاتی كردەوە كە كورد نەبووە لایەنێك لەم شەڕەدا، دەبێت دەوڵەتی ئێران ئەمە ببینێت و پەلاماری گەلی كورد نەدات.
لەبارەی ئەو پێكدادانانەی بەمدواییە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕوویان دا، موراد قەرەیڵان ڕای گەیاند، دەبیستین كە هەندێك شەڕ ڕوو دەدەن و شەهیدیش هەیە. ئەو شەهیدانەی كە لەم كاتەدا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دراون، بە ڕێز و پێزانینەوە یاد دەكەمەوە، ئەوانە شەهیدی ئازادین. بەڵام لەم كاتەدا ئەگەر شەڕێك لە نێوان كورد و دەوڵەتی ئێراندا ڕوو بدات، بە قازانجی هیچ لایەك نابێت، نە كۆماری ئیسلامیی ئێران سوود لەمە دەبینێت و نە گەلەكەمان.
ئەوەشی گوت، دەبێت ڕێگە و ڕێبازی چارەسەری سیاسی و دیالۆگ بدۆزرێتەوە. ئایا ئێران ناتوانێ پرسەكان بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر بكات؟ ڕاستییەكە ئەمەیە. بەڵام ئەگەر پەلاماری گەل بدەن و هێرش بكەن، بێگومان گەلەكەمان لەوێ پارێزگاری لە خۆی دەكات، هەر خۆی نوێنەرانی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەمەیان ڕاگەیاند و گوتیان، ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام ئەگەر پەلامارمان بدرێت پارێزگاری لە خۆمان دەكەین. گرنگە ئەمە تێگەیشتنی بۆ بكرێت. لەبەرئەوە نابێت شەڕ گەورە ببێت و دەبێت ڕێبازی جیاوازی تێكۆشان هەبێت”.