بە تێچووی 1.4 ملیار دینار بنكەیەكی نوێی تەندروستی لە هەولێر كرایەوە

:: PM:12:57:07/07/2026 ‌
بنكەیەكی نوێی تەندروستی لە گەڕەكی بەختیاریی هەولێر بە تێچووی 1.4 ملیار دینار كرایەوە، ئێستە ئامادەیە پێشوازیی لە نەخۆش بكات.

ئەمڕۆ سێشەم وەزیری تەندروستی لە گەرەِكی بەختیاری هەولێر، بنكەیەكی تەندروستیی نوێی بە تێچووی یەك ملیار و 400 ملیۆن دینار كردەوە.

ئەم بنكەیە سێ ساڵە كاری تێدا دەكرێت و ئێستە ئامادەیە بۆ پێشوازیكردن لە نەخۆش. بنكەكە لە 14 بەشی جیاوازی تەندروستی پێكدێت، لەوانە: پزیشكی ددان، پزیشكی پێست، چاودێریی ئافرەتان و منداڵان، تاقیگە، دەرمانخانە و چەندان بەشی تری پسپۆڕی.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو ناوچەیەی بنكە نوێیەكەی تێدا كراوەتەوە، پێشتر كێشەی كەمیی ناوەندی تەندروستیی هەبووە، ئەمەش فشاری زۆری لەسەر بنكەكانی دەوروبەری دروست كردبوو. بە كردنەوەی ئەم سەنتەرە، پرۆسەی چارەسەركردنی هاووڵاتییان لەو سنوورە خێراتر و ئاسانتر دەبێت.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، چەندان ساڵە بەهۆی قەیرانی دارایی، حكوومەت نەیتوانیوە بنكەی تەندروستیی نوێ دروست بكات. دووپاتیشی كردەوە كە ئەم بنكەیە لە شوێنێكی ستراتجیدا بنیات نراوە و خزمەتێكی گەورە بە گەڕەكەكە دەگەیەنێت.

لەبارەی  سەردانەكەی بۆ بەغدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، "سەردانێكی زۆر گرنگ بوو، وەزیری تەندروستیی عێراق تێڕوانینێكی زۆر هاوڕێیانە و جیاوازی هەیە كە حەزدەكات یارمەتیی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان بدات."

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشكرد، "زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دەستكەوتی ئەو سەردانەمان بوو بۆ ئەوەی پڕۆژەی شووشتنی گورچیلە بەردەوامبێت، ئەمەش تەمەنی مرۆڤی درێژكردووە و چاوەڕوانییەكانی بۆ شووشتنی گورچیلە كەمكردووە."

د. سامان بەرزنجی گوتی، "چەند بڕیارێكمان داوە، هیچ بیانوویەك نییە كەسێك گیان لەدەستبدات و تەرمەكەی رادەستی بنەماڵەكەی نەكرێتەوە، ئەگەر هیچ پارەیەكیشی نەدابێت نابێت رابگیرێت و دەبێت تەرمەكە بدرێتەوە."

لەبارەی نرخی دەرمانەوە، وەزیری تەندروستی روونیكردەوە، "دەرمان گران نەبووە، بەڵكو پڕۆسەی هەرزانكردنی دەرمان بەردەوامیی هەیە و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە بڕی 235 ملیار دینار دەرمان هەرزانكراوە."

د. سامان بەرزنجی ئاشكراشیكرد كە "75%ی نەشتەرگەرییەكان لە كەرتی گشتی دەكرێن، چونكە كەرتی گشتی 24 كاژێر دەوام دەكات و پاڵپشتییەكانی بۆ كەرتی حكوومی زیاترە.












وشە - سۆران عەزیز