بڕیارە سبەی چوارشەم هەشتی تەمووز، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران لە سنووری شارۆكەی خەبات، بەڕێوە بچێت.
دلاوەر مزووری سەرۆكی شارەوانیی خەبات، بە "وشە"ی گوت، سبەی سێ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری خەبات دابەش دەكرێت.
ڕوونیشی كردەوە كە زەوییەكان دەكەونە نزیك شارەدێی رزگاری، تەواوی فەرمانبەرانی سنوورەكەیش لەم وەجبەیەدا زەوییەكانیان وەردەگرن.
ئەوە لە كاتێكدایە كە ئێستە لە هەولێر پڕۆسەی وردبینی و بەناوكردنی زەویی فەرمانبەران دەستی پێ كردووە، چاوەڕوان دەكرێت كە تەواوی فەرمانبەران كە خاڵەكانى پێویستیان هەیە، زەوی وەربگرن.
زەوی دابەشكردن بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بوو، كە چەندان ساڵ بوو فەرمانبەران لەو مافە بێ بەش بوون.