تیمی لاهوور تاڵەبانی سكاڵایان لە دژی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی تۆمار كرد

:: PM:05:47:07/07/2026 ‌
تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی و راگیراوانی لالەزار رێكاری نوێی یاسایی دەگرنەبەر و بەهۆی یەكلانەكردنەوەی دۆسیەكەیان لە ماوەی یاساییدا، سكاڵایان لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان لە دژی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی تۆمار كرد.

تیمی پارێزەرانی لاهوور تاڵەبانی و راگیراوانی لالەزار راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و دەڵێن، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 37 رۆژ بەسەر تۆماركردنی سكاڵایەك لە دژی دادگای تاوانەكانی دوو لە 31ی ئایاری 2026، دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی تا ئێستە هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی لەو بارەیەوە دەرنەكردووە، بەهۆی ئەم دواكەوتنە نائاساییە لە یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكە، سكاڵایەكی فەرمی لە دژی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان تۆمار كرا.

تیمەکە پشتیان بە مادەی (10) لە یاسای ژمارە (23)ـی ساڵی 2007ـی یاسای دەسەڵاتی دادوەری بەستووە و دووپات دەكەنەوە، كە پێویستە دادوەرانی دادگای تێهەڵچوونەوە لەبەردەم دادگای پێداچوونەوە ئامادە بن و وەڵامی یاسایی سكاڵاكە بدەنەوە.

"ئەگەر سەلمێنرا هەر پێشێلكارییەك یان كەمتەرخەمییەك لە جێبەجێكردنی ئەركە یاساییەكاندا هەبووە، دادگای پێداچوونەوە دەسەڵاتی هەیە سزای دیسیپلینی بەسەر دادوەرەكاندا بسەپێنێت، كە سزاكان بەگوێرەی جۆری پێشێلكارییەكە دەست پێ دەكات و دەكرێت بگاتە كۆتاییهێنان بە ڕاژەی دادوەرییان" تیمەكە وا دەڵێن.


وشە - وشه‌