لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ پاراستنی ژینگە و بنیاتنانی ژێرخانێكی پتەوی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان، كارەكانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ستراتیجیی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورسی شاری هەولێر، بە تێچووی 579 ملیۆن دۆلار چوونە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، كارەكانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ستراتیجیی وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورسی شاری هەولێر، بە تێچووی 579 ملیۆن دۆلار چوونە بواری جێبەجێكردنەوە .
زیاتر گوتی، ئەم پڕۆژە نیشتمانییە كە بە چاودێریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ جێبەجێ دەكرێت، هەنگاوێكی كاریگەرە بۆ ڕێگریكردن لە پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەكان و دابینكردنی سەرچاوەیەكی نوێی ئاو بۆ پشتێنەی سەوزایی شاری هەولێر.
زیاتر گوتی، پڕۆژە گشتییەكە كە لە چوار قۆناغ پێكدێت، توانای پاككردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێكدا دەبێت، لەسەر ڕووبەری 225 دۆنم زەوی لە ڕۆژئاوای شاری هەولێر و لە نزیك گوندی عەرەب كەند بنیات دەنرێت، ئامانجی سەرەكیی ئەم ستراتیجە، نەهێشتنی بیری ئاوی قورسی ماڵان، كەمكردنەوەی بۆنی ناخۆش لەناو شار و پاراستنی ئاوی ژێر زەوییە لە پیسبوون، بەمەش هەرێمی كوردستان هەنگاو دەنێت بەرەو ڕیزی ئەو وڵاتانەی كە سیستمی بازنەیی لە بەكارهێنانی ئاودا پێڕەو دەكەن.
وردەكارییەكانی جێبەجێكردنی قۆناغی دووەم
قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە، لەسەر ڕووبەری 56 دۆنم زەوی و بە توانای چارەسەركردنی 210 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێكدا بنیات دەنرێت، ئەركی جێبەجێكردنی بە كۆمپانیای ئاوزان سپێردراوە، ئەم قۆناغە لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت: یەكەمیان بریتییە لە دروستكردنی وێستگەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆی قورس، دووەمیشیان بریتییە لە ڕاكێشانی هێڵی سەرەكیی گواستنەوەی ئاوەڕۆی قورس بۆ وێستگەكە بە درێژیی 21930 مەتر و بە تیرەكانی 2800 ملم و 1500 ملم، كە ئاوەكە لە شەش دەرچەی سەر شەقامی 120 مەترییەوە وەردەگرێت.
لەبارەی كات و تێچووی پڕۆژەكە، بودجەی تەرخانكراو 579 ملیۆن دۆلارە و ماوەی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی 730 ڕۆژە. گرێبەستەكە لە ڕێككەوتی 25ی شوباتی 2026 واژوو كراوە و ڕادەستكردنی شوێن و دەستبەكاربوون لە ڕێككەوتی یەكی نیسانی 2026 بووە .
بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی پێشكەوتنی كار كە لە كۆتایی مانگی ئایاری 2026 ئامادە كراوە، بڕی 60 ڕۆژ لە ماوەی پڕۆژەكە تێپەڕیوە كە دەكاتە 8.2٪ی كاتەكە و كارە فیزیاییە جێبەجێكراوەكانیش گەیشتوونەتە 2٪.