هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، ئەگەر هەر لایەنێكی تر بەپێی هەر رێككەوتنێك یان رێكارێكی تر خۆی بە خاوەن زۆرینە یان هاوشانی كورسییەكانی پارتی دەزانێت، با بێتە ناو پەرلەمانێكی كاراوە و لەوێدا درێژە بە گفتوگۆ سیاسییەكان بدەین.
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، هێمن هەورامی بە جیا لەگەڵ كونسولی گشتیی ژاپۆن و راوێژكاری سیاسیی هێزەكانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و رای گەیاند، دوای 20 مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، پارتی وەك هێزی یەكەمی براوە سەرجەم هەوڵەكانی خۆی لە رێگەی كۆبوونەوەی دووقۆڵی و فرەقۆڵی، پەیام، راگەیەندراو و پێكهێنانی لیژنەی گفتوگۆوە خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت و پەرلەمان كارا بێتەوە تا ئەركە دەستووری و یاساییەكانی خۆی جێبەجێ بكات.
زیاتر گوتی، ئێستە هیچ بیانوویەكی سیاسی، یاسایی و نیشتمانی بۆ كارا نەبوونی پەرلەمان نەماوە، بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كە نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، لەبەردەم بەرپرسیارێتی و تاقیكردنەوەیەكی یەكلاكەرەوەی مێژووییدان بۆ كاراكردنی پەرلەمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
هەورامی رای گەیاند، ئەگەر هەر لایەنێكی تر بەپێی هەر رێككەوتنێك یان رێكارێكی تری خۆی بە خاوەن زۆرینە یان هاوشانی كورسییەكانی پارتی دەزانێت، با بێتە ناو پەرلەمانێكی كاراوە و لەوێدا درێژە بە گفتوگۆ سیاسییەكان بدەین.