ئیتاڵیا بەرزترین پلەی رێزلێنانی خۆی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمەكەیشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، ئیتاڵیا لە رێوڕەسمێكی تایبەت لە هەولێر، بەرزترین پلەی رێزلێنانی فەرمیی خۆی بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
نیكۆلۆ فۆنتانا باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق، بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆك كۆماری ئیتاڵیا مەدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیای بەخشییە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
لە رێوڕەسمەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، بەناوی گەلی كوردستان و عێراق، بۆ هەر كەسێك لە دۆستایەتی هەردوولادا بەشدار بووە، بە شانازییەوە ئەمڕۆ ئەم مەدالیایە وەردەگرم.
هاوكات سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سێرگۆ ماتارێلا سەرۆك كۆماری ئیتاڵیا و حكوومەت و گەلی ئیتاڵیا كرد.
ئەم خەڵاتە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1947، ئەو كات بە ناوی (نیشانەی ئەستێرەی هاوسۆزیی ئیتاڵیا) بوو و زیاتر بۆ رێزلێنان بوو لەو كەسانەی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی رۆڵیان لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتەی ئەورووپادا هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2011ـدا، لەسەر دەستی جۆرجیۆ ناپۆلیتانۆ 11مین سەرۆك كۆماری ئیتاڵیا یاساكە هەمواركرا و ناو و ئامانجەكەی گۆڕدرا.
ئامانجی خەڵاتەكە لە ئاوەدانكردنەوەوە بۆ بەرزكردنەوەی شكۆی نیشتمانیی ئیتاڵیا لە دەرەوەی وڵات، گۆڕدرا بۆ پەرەپێدانی پێوەندییە دۆستاییەتییەكان و هاوكاریی نێودەوڵەتی.