بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، وڵاتانی ناوچەكە و عێراق رووبەڕووی شەپۆلێكی بەتینی گەرما دەبنەوە كە تا 20ی تەمووز بەردەوام دەبێت، لە هەندێك ناوچەدا پلەكانی گەرما بۆ 51 پلە بەرز دەبنەوە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رای گەیاند، لە ڕۆژی هەینی 10ی تەمووزەوە، بارستە هەوایەكی گەرم ڕوو لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەكات. بەپێی پێشبینییەكان، پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی سێ پلە بەرز دەبنەوە، تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو كاریگەرییەكانی زیاتر دەبێت و چەقی گەرماكە لە ڕۆژانی یەكشەم و دووشەمدا دەبێت.
بەپێی پێشبینییەكان، ناوچە دەشتاییەكان بەراورد بە ناوچە شاخاوییەكان گەرمتر دەبن، دابەشبوونی پلەكانی گەرما لە ژێر سێبەردا بەم جۆرە دەبێت:
لە ڕۆژانی یەكشەم، دووشەم و سێشەم لە گەرمیان، كەركووك و ڕۆژئاوای هەولێر خەبات، گوێڕ، شەمامك، 45 بۆ 47 پلە دەبێت، هەولێری پایتەخت دەكاتە 45 پلە.
بەگوتەی ئەو كەشناسە، شەپۆلەكە تەنیا هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵكو ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە پلەیەكی توندتر بەخۆیەوە دەبینێت. لە شارەكانی بەسرە، عەمامە و ناسریە، لە ڕۆژانی سێشەم تا هەینی پلەی گەرما دەگاتە 51 پلەی سیلیزی (نیوەی كوڵان). هاوكات لە ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراقیشدا پلەكان دەگەنە 49 پلە. شایانی باسە ئەم شەپۆلە وڵاتانی كوێت، سعوودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن، یەمەن و عومانیش دەگرێتەوە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی هۆشداریی دەدات كە لە كاتەكانی پێش نیوەڕۆ تا عەسر، ڕێژەی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بەرز دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بپارێزن.