تەواوی خاڵەکانی "ڕێککەوتنی زیندان" ئاشکرا کرا

:: PM:06:21:09/07/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووزی 2026، سێبوور خالید مەنتک، بەرپرسی پێشووی ڕێکخستنی نەوەی نوێ لە هەولێر، دەقی تەواوی ئەو خاڵانەی بڵاو کردەوە کە لە کاتی زیندانیکردنی شاسوار عەبدولواحید، لە نێوان ئەو و بافڵ تاڵەبانیدا واژوو کراون و بە "ڕێککەوتنی زیندان" ناوی بردووە. بەبێ دەستکاری و بەپێی بەڵگەنامەکە، خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بەم شێوەیەن:

یەکەم: داواکارییەکانی شاسوار عەبدولواحید لە کاتی زیندانیکردن:
1- داخستنی تەواوی دۆسیەکانی دادگا (دۆسیەکانی ڕابردوو و دۆسیەکانی ئێستە).
2- گەڕانەوەی تەواوی ئەو موڵکانەی کەوا دەستبەسەرداگرتنیان لەسەر بووە.
3- وەرگرتنی وەزارەتێک لە حكوومەتی عێراق.
4- بێدەنگکردنی تەواوی خاوەن پشکەکان و وەرنەگرتنی سکاڵاکانیان لەسەر پرۆژەی چاڤیلاند.
5- پشتیوانی و پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و پاراستنی سەر و ماڵ و خانەوادەکەی، لەگەڵ هاوکاریی مادی و پێدانی پرۆژەی بازرگانی.

دووەم: داواکارییەکانی بافڵ تاڵەبانی لە شاسوار عەبدولواحید لە کاتی زیندانیکردن:
1- داخستنی دەرگای گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کابینەی دەیەم.
2- بێدەنگکردنی تەواوی میدیا و ڕاگەیاندنی نەوەی نوێ بۆ ڕەخنەگرتن لەسەر سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بنەماڵەی تاڵەبانی بەتایبەتی (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی).
3- فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە 15 کورسی بچێتە پاڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و پابەندبوونی بە تەواوی بڕیارەکانی فراکسیۆنی یەکێتی.
4- وەرگرتنی ئەو وەزارەتانەی کە پشکی نەوەی نوێن لەم 15 کورسییە لە پێکهێنانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بدرێت بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
5- پابەندبوونی تەواوی ڕێککەوتنی شاسوار عەبدولواحید بە سیاسەتی بافڵ تاڵەبانی لەم بوارانەدا:
بۆ پێکهێنانی حكوومەت.
بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئەو کەسانەی لە ڕاگەیاندن قسە دەکەن دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکێتی بێت.
ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ڕەخنەگرتن لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان.
پابەندبوونی بە پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکێتی بێت.
ڕاگەیاندن و میدیا لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکێتی بێت.
ڕەخنەگرتن و قسەکردن لەسەر سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان.


وشە - پۆڵا مەحموود