بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 10ی تەمووزی 2026 بڵاوی کردووەتەوە، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 سەعاتی داهاتوو خستەڕوو و ئاماژە بەوە دەدات کە لەم ماوەیەدا ئاسمان ساماڵ دەبێت و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕوو نادات.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بۆ ئەمڕۆ هەینی ئاسمان ساماڵ دەبێت و ئاراستەی با بەرەو باکووری خۆرئاوا دەبێت، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت کە لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا دەبێت، هەروەها مەودای بینین لە نێوان هەشت بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت. پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارەکانی دوێنێ، بە جۆرێک بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر 41، پیرمام 36، سلێمانی 39، هەڵەبجە 42، چەمچەماڵ 40، دهۆک 39، زاخۆ 40، گەرمیان 43 و حاجی ئۆمەرانیش 32 پلەی سیلیزی دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەموو 11ی تەمووز، کەشناسی ڕای گەیاندووە کە ئاسمان بە هەمان شێوە ساماڵ دەبێت و خێرایی و ئاراستەی با وەک ئەمڕۆ دەمێنێتەوە. مەودای بینینیش هەر لە نێوان هەشت بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ، بە جۆرێک لە هەولێر 41، پیرمام 37، سلێمانی 39، هەڵەبجە 42، چەمچەماڵ 42، دهۆک 39، زاخۆ 41، گەرمیان 43 و حاجی ئۆمەران 32 پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێن.