حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، بە گوژمەی زیاتر لە 300 ملیار دینار، 1442 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کردووە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران تایبەت بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەکان سێکتەرە جیاوازەکانیان گرتووەتەوە کە لەوانە 1094 پڕۆژەیان تەواوبوون و 348 پڕۆژەیش لە قۆناغی کارکردندان، کە دابەشبوون بەسەر 586 پڕۆژەی ڕێگاوبان، 234 پڕۆژەی بیناسازی، 240 پڕۆژەی ئاو، 233 پڕۆژەی کارەبا و 149 پڕۆژەی کەرتی خۆجێیەتی، لەگەڵ دروستکردنی زیاتر لە 20 کیلۆمەتر شەقام.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران تیشکی خستە سەر گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی ناوچەکە کە بە کۆی گوژمەی 360 ملیۆن دینار جێبەجێ کراون، لەوانەش پڕۆژەی جووتسایدی سپیلک-خەلیفان بە گوژمەی 81 ملیۆن دینار، پڕۆژەی بەرزەپرد بە گوژمەی 32 ملیۆن دینار، پڕۆژەی ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران، شەقامی 40 مەتری و دووسایدی 25 مەتری پیشەسازی کۆن، کە بوونەتە هۆی گەشەسەندن و فراوانبوونی بەرچاوی ناوچەکە.
ئامادەكردنی: كرمانج فەتاح