ئاوی هەولێر: شكانی بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێ‌ كاریگەریی زۆری لەسەر هاووڵاتییان نابێت

:: AM:09:15:11/07/2026 ‌
شەوی رابردوو بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێ‌ شكا، بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەیەكی كاتی پرۆسەی پاڵاوتنی ئاو لە پڕۆژەكەدا ڕاگیراوە. بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێت، شكانەكە زۆر كاریگەری لەسەر پێدانی ئاو نابێت.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی تەمووز، رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای شكانی بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێ‌ كە تیرەكەی هەزار و 500 ملیمە، دەستبەجێ دوای شكانەكە، تیمەكانی چاككردنەوەی تەكنیكی و هونەریی سەربە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست، ئێستە پرۆسەی چاككردنەوەی بۆڕییەكە بەشێوەیەكی مەیدانی و بە چڕی دەستی پێ كردووە.

زیاتر گوتی، بەپێی هەڵسەنگاندنی وردی تیمە تەكنیكی و هونەرییەكان، هۆكاری سەرەكیی شكانەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێوەی ڕۆژانە، چەند جارێك كوژانەوەی لە ناكاوی كارەبا (تریپ) ڕووی داوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی پەستانی پێچەوانەی كاریگەر لە ناو بۆڕییەكەدا و كاریگەرییەكی خراپی لەسەر بۆڕییەكە داناوە، لە ئەنجامدا لە جۆینتێكی لاوازدا بووەتە هۆی شكانەكەی.

باسی لەوەش كرد، بەهۆی هەبوونی بڕی پێویستی ئاو لە عەمبارەكانی پڕۆژەی ئیفراز سێ‌، پرۆسەی دابەشكردنی ئاو بەسەر گەڕەكەكاندا تا سەعات 12ـی شەو شێوەیەكی ئاسایی بەردەوام بووە، هەروەها خۆشبەختانە بۆ ئەمساڵ، بەهۆی بوونی هێڵێكی پاڵپشتی نوێ بە تیرەی 900 ملم لە جۆری (كاربۆن ستیل)، كە ئاو لە پڕۆژەی فریاگوزارییەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو عەمباری ئاوی ئیفراز سێ، كاریگەرییەكانی ئەم شكانە لەسەر هاووڵاتییان و كەمبوونی ئاو زۆر كەمتر دەبێتەوە لە جاران.

روونی كردەوە، چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی كاری بەردەوامی تیمەكانمانەوە، لە كەمتر لە 24 سەعاتدا پرۆسەی چاككردنەوەكە بە تەواوی كۆتایی پێ بێت و ئاو بگاتەوە هاووڵاتییان. 



وشە - رامیار جەواد