دوای 14 سەعات لە كاركردن، بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر چاك كرایەوە و هەر ئەمڕۆ ئاو بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە.
ئەمڕۆ شەموو 11ـی تەمووز، رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای كاركردنێكی چڕ و بەردەوامی تیمەكانمان، پرۆسەی چاككردنەوەی بۆڕیی سەرەكیی گواستنەوەی ئاوی ئیفراز ٣ (بە تیرەی 1500 ملم و لە جۆری GRP بوو) لە ماوەی پێوانەیی 14 سەعاتدا بە سەركەوتوویی كۆتایی پێ هات.
زیاتر گوتی، ئەم پڕۆژەیە سەرەڕای گەورەیی قەبارەی زیان و شكانەكەی، بەهۆی ئامادەیی مەیدانی و هەوڵە بەردەوامەكانی تیمەكانی چاككردنەوەی تەكنیكی و هونەریی سەربە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، لە پێش كاتی پێشبینیكراو بە تەواوی چاك كرایەوە.
روونی كردەوە، ئێستە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ كەوتووەتەوە كار و پرۆسەی پاڵاوتن و پەمپكردنی ئاو دەستی پێ كردووەتەوە، لە چەند سەعاتی داهاتوودا بەشێوەیەكی قۆناغ بە قۆناغ ئاو دەگاتەوە ناو عەمباری ئاو و دواتر تۆڕەكانی دابەشكردن و دواتر ماڵی هاووڵاتییان.
شەوی رابردوو بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر شكا، بەڵام بەهۆی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە راكێشانی بۆڕییەكی ئاوە لە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بۆ ئیفراز سێ، كۆگەكانی پڕ بوون لە ئاو.