لە بازگەی دارەمان باندێكی قاچاخچێتی گیران

:: PM:02:39:11/07/2026 ‌
لەبازگەی دارەمان لە كەركووك، فێڵێكی گەورەی قاچاخچێتی لە گومرگەكەی ئاشكرا دەبێت و باندێك بڕێكی زۆر مادەی پزیشكیی قەدەغەكراویان بە ناوی بەرهەمی ناوخۆیی هێناوەتە ناوەوە و فەرمانبەرێكی گومرگیش لەسەر كەیسەكە گیراوە كە دەگوترێ‌ كارئاسانی كردووە. 

دەستەی دەستپاكی عێراق بڵاوی كردەوە، قاچاخچییەكان دۆكیۆمێنتە فەرمییەكانیان ساختە كردبوو، بە جۆرێك بارە پزیشكییە قەدەغەكراوەكانیان وەك بەرهەمی ناوخۆیی ناساندبوو، ئەمەش بۆ خۆدزینەوە و خۆلادان لە پشكنینەكان و ڕاكردن لە دانی ڕسوومات و باجی  گومرگی.

ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە لەم ئۆپەراسیۆنەدا شۆفێری بارهەڵگرەكە و فەرمانبەرێكی گومرگەكەش كە هاوكار و كارئاسانی بۆ ئەم ساختەكارییە كردبوو، گیراون.

ئێستە هەردوو تۆمەتبارەكە بەپێی مادەی 340 لە یاسای سزادان ڕادەستی دادگا كراون، تا لەسەر تێوەگلانیان لەم دۆسیە مەترسیدارەدا سزای یاسایی خۆیان وەرگرن.



وشە - وشه‌