یەكێتی هەڕەشە لە پەرلەمانتارانی خۆی و نەوەی نوێ‌ دەكات

:: PM:05:33:11/07/2026 ‌
لەبەرانبەر ترسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و ئەو بەیاننامەی پێشووی پارتی كە رای گەیاندبوو هەر لایەنێك خۆی بە زۆرینە دادەنێت با بێت پەرلەمان كارا بكەینەوە، یەكێتی هەڕەشە لە پەرلەمانتارانی سنووری سلێمانی دەكات كە بەشداری لە هیچ كۆبوونەوەیەكی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان نەكەن.

سەرچاوەیەكی بەرپرس رای گەیاند، بۆ ڕێگەگرتن لە بەشداریی پەرلەمانتارانی سنووری سلێمانی یەكێتی بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەرلەمانتارانی حزبەكەی و حزبەكانی تریشی ئاگەدار كردوونەتەوە كە نابێ بە هیچ شێوەیەك بەشداری كۆبوونەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بكەن.

لەلایەكی ترەوە كەناڵی كوردستان24یش بڵاوی كردەوە، یەكێتی هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر هەر پەرلەمانتارێك بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكات ئەوا ڕووبەڕووی مەترسیی دەبێتەوە تەنانەت ئەگەر دەستییان پێنەگات ئەوە كەسوكاریان بەرپرسن دەبن و باجەكەی دەدەن، لە خێزانەكەی بگرە و تا دەگاتە دوورترین خزمەكانیان.

"تەواوی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بە بێ خواستی خۆیان گواستراونەتەوە سلێمانی و شوێنی مانەوەیان بۆ تەرخانكراوە، بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بكرێت بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان نەكەن، هەندێك لە پەرلەمانتار و كادرانی نەوەی نوێ نیگەرانن و ناڕازین لە جۆرە ڕەفتارانە" سەرچاوەكە وای گوت.

یەكێتی نەك تەنیا پەرلەمانتارانی خۆی و نەوەی نوێ، بەڵكو هەڕەشەی لە پەرلەمانتارانی لایەنەكانی دیكەش كردووە و پێیان ڕاگەیاندووە، نابێ بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەك ببن كە یەكێتی بەشدار نەبێت و لە ئەگەری بەشداری ئەوە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

لەكاتێكدا یەكێتی دەستی بەو هەڕەشانە كردووە، ئەوان لەگەڵ نەوەی نوێ‌ بانگەشەی ئەوە دەكەن كە خاوەنی 39 كورسیی پەرلەمانن. 



وشە - وشه‌